وادەی لابردنی پاشەكەوتی سەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرادەكرێت و سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش ڕایدەگەیەنێت، لابردنی پاشەكەوتی موچە دەكەوێتە سەرەتای ساڵی نوێوە.
لەوبارەیشەوە دكتۆر (عیزەت سابیر)سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لەپەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند، پڕۆژەیاسای چاكسازی لەموچەو دەرماڵەو خانەنشینی لەسەرەتای ساڵی نوێی 2019وە جێبەجێدەكرێت.
وتیشی: لە پرۆژە یاساكەدا بڕگەیەكیش جێگیركراوە كە لەگەڵ جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا، پاشەكەوتی موچە لاببرێت، بەوپێیەش دەبێت لەسەرەتای ساڵی نوێوە پاشەكەوتی موچە بەیەكجاریی لاببرێت. سەرۆكی لیژنەی دارایی تەئكیدیشكردەوە كە بەجێبەجێكردنی پڕۆژەیاساكە لەلایەن حكومەتەوە، دەرماڵەكان ڕێكدەخرێنەوەو موچەی خانەنشینیش ئەوانەی بڕێكی كەم مووچە وەردەگرن زیاددەكرێت.
سەبارەت بە هۆكارەكانی دواخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پڕۆژەیاساكە سەرۆكی لیژنەی دارایی رایگەیاند ئێمە دەمانەوێت بەڕەزامەندی حكومەت و پەرلەمان ئەو پرۆژەیاسایە پەسەند بكرێت و پێكەوە بۆ لابردنی پاشەكەوتی موچە هەماهەنگی بكەن كە ئەوەش یەكێك بووە لە هۆكارە سەرەكیەكانی ئەو دواخستنە.