حكومەتی هەرێم باج لەسەر كۆمه‌ڵێك بەرهەمی هاوردە دادەنێت

ساڵانە بەمەبەستی پاراستنی بەروبوومی ناوخۆ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان باج لەسەر بەرهەمی هاوردە دادەنێت و بۆ ئەمساڵیش دەست بەجێبەجێكردنی كرا كە باج خراوەتە سەر كۆمەڵێك بەرهەم.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، بەگوێرەی ئەو ڕێنوێنییانەی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ دەروازەكان نێراوە و تیایدا هاتووە، باجی گومرگی لەسەر بەرهەمی هاوردەكراو دادەنرێت بەپێی ڕێنوێنییەكان و بۆ هەر كیلۆیەك باجەكەی دیاری دەكرێت.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكە هاتووە، بەمەبەستی گرنگیدان و پێشخستنی بەرهەمی ناوخۆ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە دانانی باج لەسەر هاوردەكردنی بەرهەمەكان.

لە ڕێكەوتی 15ـی حوزەیران تا 15ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٨ بە بڕی 200 دینار بۆ هەزار دینار باج وەردەگیرێت و جێبەجێ‌ دەكرێت.

زۆرترین باج خراوەتە سەر قارچك كە هەزار دینار و ماسی 500 دینارە كەمترین باجیش بۆ سەر كودووە كە بڕەكەی 200 دینارە بۆ هەر كیلۆیەك.

ساڵانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە وەرزی هاوین بە پێگەیشتنی بەروبوومی خۆمانە باج دەخاتەسەر بەروبوومی هاوردە كە لە ئێران و توركیا هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.