قوباد تاڵەبانی چەند بڕیارێكی گرنگ دەردەكات

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی گرنگی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی سنووری قەزای دوكان دەركردو فەرمانیكردووە بە جێبەجێكردنیان.

لەو فەرمانەی قوباد تاڵەبانیدا كە رۆژی ١١/٦/٢٠١٨ دەركراوە‌و ژمارەیەك بڕیاری لەخۆگرتووە، جەختكراوەتەوە لەسەرئەوەی، كە خانووە بێ تاپۆكانی ناو نەخشەی بنەڕەتی سنووری شارەوانی دوكان تاپۆ دەكرێن، هەروەها ئەو دوكانانەی لەساڵانی رابردوودا دروستكرابوون‌و بەناوی شارەوانیەوە مابوون، تاپۆ دەكرێن.

ئەمەی خوارەوە تەواوی بڕیارەكانە:
یەكـــەم/ خانووە بێ تاپۆكانی ناو نەخشەی بنەڕەتی سنووری شارەوانی دوكـــان تاپـــــــــــۆ دەكرێن.
دووەم/ ئەو دوكانانەی لەساڵانی رابردوودا لەسنووری شارەوانی دوكان دروست كراون‌و بەناوی شارەوانییەو مابوون، تاپـــــــۆ دەكرێن.
سێیەم/ ئەو زەوییانەی كە بەتاڵن‌و سنووری شارەوانیدان لە نێوان خانوو و كەلاوەكاندان، بەپێی یاسای (32)ی ساڵی 1986 مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
چوارەم/ كێشەی هاووڵاتیانی گەڕەكی باسكە باریك سەر بەحرەكەو گەڕەكی ئاشتی كە پێشتر خانوویان هەبووەو راگوێزراون، قەرەبوو دەكرێنەوە بەپێدانی زەوی بە سوودوەرگرتن لەزانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دوكــان.
٭ هەروەها پێدانی دەسەڵاتی چاككردن‌و راستكردنەوەی هەڵەی ناو دراوە بە بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكان‌و سەرۆكی شارەوانی سەنتەری پارێزگاكان، چونكە پێشتر ئەم دەسەڵاتە لە ئەنجومەنی وەزیران بووە.
٭ هەر بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری هاووڵاتیانی خۆشەویستی قەزای دوكان، داهاتی ئەم بڕە پارەیەی كە وەردەگیرێت لە هاووڵاتیان، بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری شارەوانی دوكان سەرف دەكرێت.