پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، بە نوسراو داوایان لە حكومەتی عێراقی كردووە كە وەك شارەكانی دیكەی عێراق سووتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان دابینبكات.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، بە خەندان-ی راگەیاند، “بەردەوام لە هەوڵداین بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین و لە ئێستاشدا لە شاری سلێمانی لە هەموو پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین هەرزانترە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر بنەمای دەستوور چۆن حكومەتی عێراق سووتەمەنی بۆ بەسرە تا كەركوك دابیندەکات، پێویستە بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش بۆ سلێمانی دابینبکات، بۆ ئەو مەبەستەش نووسراویان خستووەتە بەردەستیان.
ئەو داوایەی حكومەتی عێراق لەكاتێكدایە ماوەی هەفتەیەكە نرخی بەنزین لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر وتیشی، “دووجار سەردانی بەغدامان كردووە، لە رووی زارەكییشەوە حكومەتی ناوەندی رازی بووە بە ناردنی بەنزین، بەڵام بەهۆی هەڵبژرانەكانەوە بە ئیداری دواكەوتووە، دەبێت بە كرداریش جێبەجێبكرێت”.