گەشتوگوزاری سلێمانی ئامادەكاری بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران كردوە و بەڕێوەبەری گەشتیاری داوا دەكات بازاڕ و مۆڵەكان بكرێنەوە.
مستەفا حمە رەحیم، بەڕێوەبەری گەشتیاری گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند؛ بەمەبەستی پێشوازیكردنی گەشتیارن لە رۆژانی جەژن، گەشتوگوزار چەند لیژنەیەكی تایبەتی پێك هێناوە، لەبازگەكان پروشەر دابەشدەكەن و بەهاوكاری سەنتەری زانیاری، گەشتیاران رێنوێنی دەكەن بە پێدانی زانیاری لەسەر شوێنە گەشتیاری و ئۆتێل و مۆتێل و هەموو ئەو شوێنانەی پێویستیان پێیەتی.
وتی؛ لە جەژنی رەمەزاندا، زیاتر لە حەفتا ریستۆرانتی گەشتیاری كە پێشتر پەیمانیان داوە بەكردنەوەی شوێنەكانیان لە بۆنەكاندا، شوێنەكانیان كراوە دەبێت بۆ پێشوازی كردن لە گەشتیاران.
راشیگەیاند؛ وەك رۆژانی ئاسایی لیژنەكانی گەشتوگوزار سەردانی ئوتیل، مۆتێل، ریستۆرانت و شوێنە گەشتیارەكان دەكەن پشكنینی خواردن و خواردنەوەكان و هەرشوێنێك پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن نەبێت سزادەدرێت.
ئەوەشی رونكردەوە؛ كەلە وڵاتانی دنیا بۆنەكان بۆ بازرگانی كردن بەكاردەهێنرێن، بۆ سودمەند بونی خاوەنەكانیان و گەشتیارانیش، داواكارم بازاڕ و مۆڵ و ئەو شوێنانەی پێداویستی رۆژانە دەفرۆشن لە جەژنەكان و بۆنەكانی تردا بكرێنەوە لەبەر ئەوەی گەشتیاران كاڵاوشمەك بەكاردەهێنن یاخود بە دیاری بۆ كەسوكاریان دەبەنەوە.