زانیاری لەبارەی دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لەهەرێمی كوردستان ئاشكرادەكرێت


بەرپرسێك لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لیژنەی بینبینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف، لە ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوودا كۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دەدات.

مەریوان نەقشبەندی، بەرپرس لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباریی ئاینی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە “میللەت”ی راگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو، كە 29ی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەكات، لیژنەی بینینی مانگ لە وزارەتی ئەوقاف كۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دەدات”.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، “ئەگەر لیژنەكە لە ڕۆژی پێنج شەممە 14ی حوزەیران مانگ ببینێت، ئەوا ڕۆژی هەینی دەكاتە یەكەم ڕۆژی جەژن، بە پێچەوانەوە، ڕۆژی دواتر وەك یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاریی دەكرێت”.

وتیشی:”وەك ھەرێم ھەماھەنگیمان لەگەڵ دیوانی وەقفی سوننەی عیراق ھەیە، جگەلەوەش دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی جەژن بەھەماھەنگی دەبێت لەگەڵ  دیوانی وەقفی سوننەو سعودیە”.

جەختیشكردەوە، تیمەكانمان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی ھەرێم ئێوارەی ڕۆژی 14ی ئەم مانگە لەئامادەباشیدادەبن و ھەركات مانگ بینرا، ئەوا دەكرێت بەجەژن.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە مەرجەعێكی شیعەی عیراق و فەلەكناسانی جیهانی ئاماژە بەوەدەكەن، كە ڕەمەزانی ئەمساڵ 29 ڕۆژە و ڕۆژی هەینی 15ی حوزەیران دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.