بایز تاڵەبانی: لە ٧ ساڵی رابردوو دا بەغدا زیاتر لە ٧ ملیار دۆلاری لێ زەوتکردووین

بایز تاڵەبانی: بۆ پێشینەکانی ھاوسەرگیری، خانووبەرە، وەبەرھێنان، کشتوکاڵ، پیشەسازی، ٣ ترلیۆن و ٩٤٧ ملیار و ١٦٤ ملیۆن دینار خەرجکراوە.
لە دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان، سەرئەنجام بە رەزامەندی ئۆپۆزسیۆن لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە بەندو ماددەکانی بودجە پەسەندکرا، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو بودجە زوو رەوانەی پەرلەمان کرا، وەزیری دارایی یش ئاماژە بەوە دەدات ئەم ھەنگاوەی حکومەت لە پێناو خێراترکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندایە، ھاوکات لە بارەی بودجەی پێشمەرگەوە دەڵێت لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٧ ملیار دۆلار لە بودجەی گشتیی عێراق دابینکراوە، بەڵام نەدراوە بە ھەرێم، بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی ھەرێم لە دیدارێکی دا تیشک دەخاتەسەر ھەموو ئەو پرسیارو تێبینییانەی لەسەر بودجە ھەیەو شێوازی داھات و خەرجیەکان رووندەکاتەوە.
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو بودجە پێش پەسەندکردنی لە بەغدا، لە ھەرێم پەسەندکرا، بۆ ئەمساڵ واتانکرد، پەیوەندی بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان ھەبوو یان جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە کە دەبێت بودجە لە مانگی ١٠ بگەیەنرێتە پەرلەمان؟
_ نەخێر، لە ساڵی رابردوو ماددەیەکیان زیادکردبوو بۆ یاساکە کە دەڵێت بۆ ماوەی ٢ ھەفتە دوای ئیمزاکردنی بودجە لە عێراق دەبێت وەزارەتی دارایی بودجە بگەیەنێتە پەرلەمان، ئێمە ئەمساڵ لەبەرئەوەی کە ساڵی رابردوو یاسایەکی تریان بۆ دەرکردین و دەڵێت ئەگەر بودجەکە کەم بوو وەزیری دارایی دەتوانێت بە رێژە دایبگرێت و وەک عێراقی لێ بکات و بینێرن، ئێمەش پشتمان بەست بەو ژمارەیە کە لە بەغداوە دیاریکرابوو و ئاگادارکراینەوەو پێیان وتین ئەو گوژمەیە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکراوەو چووەتە پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە بودجەمان رەوانەی پەرلەمانی خۆمان کرد، دواتر ئێمە سەرپشک بووین بەپێی یاسا ئەگەر بودجەکەی لە عێراقەوە دێت کەمتر بوو لەوەی لە ھەرێم بڕیاری لێدراوە ئەوا ئێمەش بە رێژە لە بودجەی خۆمان کەمیدەکەینەوە.
سوودی ئەم پێشخستنە چییبوو؟
– یەکێک لەو ھۆکارانەی کە پێشمانخست و وتمان با ئێمە ئەو دەستپێشخەرییە بکەین و چاوەڕێی بەغدا نەکەین و پڕۆژەکانمان زووبەزوو جێبەجێبکەین، ئێستاش ئێمە بودجەمان پەسەندکردووە تائێستا لە عێراق بودجە پەسەند نەکراوە، ئەمساڵ رەنگە باشتر بتوانین سوود وەربگرین بەھۆی پڕۆژەکانمان کە زووتر لە راگەیاندن و تەندەرەکان و زووتریش ئیحالە بکرێت.
لە بودجەی ساڵی رابردوو پێشنیارکرا ١٧ ھەزار کەس دابمەزرێت، کەچی ئێستا ناوەکان رادەگەیەنرێت، باشە دەکرێت دامەزراوی ٢٠١٢ لە ساڵی ٢٠١٣ رابگەیەنرێت، دیارە ئۆپۆزسیۆنیش یەک لەو پرسیارانەی دەیانکرد ئەوە بوو ١٢ مانگی مووچە بۆیان بەستراوە لە ساڵی ٢٠١٢ ئەی ئەو موچەیە؟
– یەکەم سەبارەت بە دامەزراندنەوە لە ساڵی ٢٠١٢ کێشەیەکمان ھەبوو ئەویش ئەنجومەنی راژە کە تائێستا ئەو ئەنجومەنە دانەمەزراوە، ئەوەش ھۆکارەکەی حکومەت نییە کە دانەمەزراوە، چونکە ئێمە وەک حکومەت رامانگەیاندووە سەرۆکی ئەم پۆستە دەبێت بە بانگەواز بێت و بەپێی قانونەکە ئەو مەوزوعە تەواو نەبووە، خاڵی دووەم لیژنەیەکی باڵای دامەزراندن دانرا لیژنەی فەرعیشی بۆ دروستکرا لەسەر ئاستی ھەموو پارێزگایەک و ھەموو دەسەڵاتێکیشی پێدرا، لیژنەی باڵا کە پێکھاتبوو لە وەزیری دارایی و پلاندانان و رۆشنبیریی و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و بریکاری وەزارەت و کۆمەڵێک کەسی دیکە، ئەمانە کاریان سەرپەرشتیکردنی گشتیی بوون، ئەم لیژنانە دەستیان بە کارکردن کردو راگەینراوە، کۆبوونەوەی ئەم ئەنجومەنە کراو راگەیەنراو پارێزگارەکانیش بانگکران و دەسەڵاتەکانیش درا بە پارێزگاکان و ئەوانیش لای خۆیان رایانگەیاندووە، جارێکی تر ھاتۆتەوە فەرمانگەی ئامار، بەمشێوەیە درەنگ کەوتووە تائێستا، ئەمەش مانای ئەوە نییە ئەو رێژەیەی کە دانراوە بۆ ساڵی ٢٠١٢ لەسەر حسابی ٢٠١٣ دادەمەزرێن، بەڵکو ئەوانە لەسەر حسابی پارە، ئەوەی ئەمساڵیش لەسەر حسابی ئەمساڵە، تائێستاش ئەوەی کە ھاتووەو گەیشتۆتە وەزارەتی دارایی دامانمەزراندوون، لەمەودواش ئەو رێژەیە کە ١٧ ھەزارە ھەموویان دادەمەزرێنین، بەڵام ئالیەتەکە وایکردووە دوابکەوێت بۆیە ئەوەی ساڵی رابردوو دواکەوتووەو ئومێدەوارم ئەمساڵ وانەبێت.
بەڵام ھەموو ١٧ ھەزار کەسەکە رانەگەیەنراوە، بۆ نموونە پارێزگای ھەولێر تائێستا ٢ ھەزار کەس راگەیەنراوە کە پێویستبوو ٩ ھەزار کەس بێت رەنگە لە سلێمانی یش بەمشێوەیە بێت؟ بەنیازنین ئالیەتی دامەزراندن بگۆڕن؟
– ھەندێک ناو لە سلێمانی و ھەولێر رانەگەینراون، بەڵام حەزدەکەم لە خۆیان واتە سەرۆکی ئەم لیژنانە بپرسن کە سەرپەرشتی دامەزراندنیان کردووە لە پارێزگاکان حەزیش دەکەم بپرسن بۆچی درەنگ کەوتووە؟ سەبارەت بە پرسیاری دووەم ئەم ئالیەتەی کاری پێکراوە ھەرچەندە ھێشتا سەرۆکی ھەرێم پەسەندی بودجەکەی نەکردووە، بەڵام کە پەسەندی کرد، دەبێت لە ماوەی ١٥ رۆژدا رێنمایی دارایی دەربکەین کە وەزارەتی دارایی و پلاندانان بەیەکەوە دەریدەکەین بۆ ئەنجومەنی شورا بۆ ئەوەی ھاوتای بکات لەگەڵ یاساکە، ئەوکاتەش دەبێت ئایا ئەم لیژنەی دامەزراندنەی دەمێنێت یان نا ئەوە نازانم، یاخود لیژنەیەکی تر بۆ دادەنرێت دیار نییە، بەڵام دەبێت زوو دەستبەجێ دوای ئیمزاکردن یاساکە جێبەجێبکرێت.
گفتوگۆیەکی زۆر کرا لەسەر بودجە لە پەرلەمان ئایا ئەم گفتوگۆیانە جێگەی خۆیان گرت؟
– ئەوەی کە جێی بایەخ و دروست و قانونی بووبێت، ئەوەی شیاو بووبێت لەگەڵ بودجە ھەمووی جێی خۆی گرتووە، بەڵام ھەندێک شت ھەیە کە باسکراوە لەوانەیە پەیوەندیان بە بودجەوە نەبووبێت، بە کورتی وتراوەو سودی ھەبووەو ئەوە لەبەرچاوگیراوە.
لە ھەندێک داواکاریدا رەنگە شتی دژیەک بینرابێت، بۆ نموونە ئۆپۆزسیۆن داوایدەکرد بێکاری کەمبکرێتەوەو بودجەی تەشغیلی کەمبکرێتەوە لە ھەمانکات دا داوای موچەی دەکرد بۆ کابانی ماڵ تۆ ئەمە چۆن دەبینی؟
– برادەرانی ئۆپۆزسیۆن ناڕازیی بوون لەسەر ئەوەی قەرەبووی فەرمانبەران (تعویچ الموچفین) پارەیەکی زۆری بۆ تەرخانکراوە، لەھەمانکات دا داوایان دەکرد پارە لە بەشێک لە بودجەی تەشغیلی ھەڵگرین دیسان لە شوێنێکی دیکە بە شێوەیەکی دیکە لە تەشغیلی دایبنێینەوە، لە کاتێکدا ئەگەر ئەو پارەیە لە بەشی یەکەم ھەڵگرن، بۆ نموونە پارەی خەرجی بنەڕەتی حکومەتە ئەوا دەبێتە کێشەیەکی گەورەو ئیشوکاری حکومەت رادەوەستێ، ئەمە دەبووە تەجاوز لە داھات دا، ئەمە لە حساباتی خیتامی دا دەردەکەوێت، بۆ نموونە داوا دەکرا ٩٠١ ملیار لەناو بودجە تەشغیلی دا ھەڵبگرین و بیدەین بە توێژێکی دیاریکراو کە جەنابت باسی دەکەیت ئەویش ھەر تەشغیلییە، یان ئەوان دێن باسی مەسروفاتی (دیکە) یان (ئوخرا) دەکەن ئەو (اخرا)یە چیە؟ ئەگەر ئەوە شیبکەمەوە کە ئەمانە ھەمووی دروستن و لە یاسادا ھاتووەو ئێمە لە خۆمانەوە دامان نەناوە ئەمە لە بودجەی عێراقیش ھەیە، ئێمە دروستمان نەکردووە، بەڵکو بە یاسا دیاریکراوە (اخرا) چی دەگرێتەوە.
لە بری دەستەواژەی (رابواردن) نەدەکرا دەستەواژەیەکی دیکە بەکاربھێنن کە مانا یاساییەکەی کە تەرفیھە بگرێتەوە؟
– راستی ئەو مەسەلەیە، ئەوان دەڵێن پێویستیان بەوەبوو کە باسی ئەوە بکەن کە ئەمە رابواردنە، نەک بێن شیبکەنەوە، ئەگەرنا ئەم وشەیە لە عەرەبییەکەی (ترفیە) و ئەو یاساییە بۆ خەرجی موناسەبە جیاوازە ئاینی و نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بەکاردێت.
گوایە داھاتی گومرگەکان زۆر لەوە زیاترەو ئەو رێژەیە نییە کە دانراوە، ئەوە قسەی برادەرانی ئۆپۆزسیۆن بوو؟
– ئەوەی لە حساباتی خیتامی ساڵی ٢٠١٢ ھەیە دەبینی ژمارەیەکە کە بە ترلیۆنێک زیاتر ھاتووەو موسادەقەی لەسەرکراوە، ئێمە کە داھاتمان دەستنیشانکردووە بۆ ئەمساڵ ئەوا پارەی گومرگی تێدا نییەو داخیلمان نەکردووە، چونکە ئەگەر داخلمان بکردبا وەک چۆن ئەو ھەموو بەزمەمان پێکرا کە بۆچی لە ٢٠١١ زیادە لە ٢٠١٢ کەمە ئەوا دەبپ بڵێن داھاتی گومرگ لە ٢٠١٢ دا نییەو نەماوە، چونکە بەغدا بەپێی یاسا دەیبات و ئەوان لێمان دەبڕن.
ھەندێک سلفە ھەیە لە بەغدا دەدرێت وەک قەرز بۆ فەرمانبەران، بەڵام لە کوردستان گوایە بەھۆی نەبوونی پارە یان نەبوونی فەرعی بانک ئەم قەرزە نادەن؟
– ئێستا سلفەی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و خانووبەرە ھەیەو دەبێت بانک بیدات، بۆ ھەر قەرزێک پێویستە سەرمایەک ھەبێت بۆ ئەوەی بدرێت، لەھەمانکات دا بانک دەزگاو دامەزراوەیەکی بازرگانییەو بە قازانج کاردەکات بێ قازانج پارە نادات بەھیچ کەسێک، ئەمە بە یاسا رێکخراوە ھەروا نییە، لە بەغدا کاتێک قەرز بە فەرمانبەر دەدرێت پارەیەکی زۆری سوو-ی لێ وەردەگیرێت ھەروا نییە، کاتێک ئێمە قەرزی خانووبەرەمان دایە ھاووڵاتیان سوو-ی سەر پارەمان نەھێشت بەپێی یاساو بڕیار، بەڵام بەغدا لەیەک کاتدا پارەیەکی زۆری سەرمایە بەردەستەو توانای دانی ئەو پارەی ھەیەو ئێمە تەنھا بڕی لە ١٧% کەمان بۆ دێت و ھیچ پارەیەکی تێدا نییە بۆ ئەم مەسەلەیە، ھاوکات بڕێکی زۆر سوو لە ھاووڵاتیان دەستێنن کە لە کوردستان ئەمە نییە.
تائێستا ئێمە زیاتر لە ٣ تریلیۆن و ٩٠٠ ملیارمان بە قەرز داوەتە ھاووڵاتیان لە چوارچێوەی ئەم قەرزانەی دەیدەین بە ھاووڵاتیان، ئەگەر حیسابی فایزمان کردبا ئەوا زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دەردەچوو، عێراق ٦٧ ملیار دۆلار یەدەگی پارەی ھەیە، بەڵام ئێمە لە ٩٦% ی داھاتمان لە بەغداوەیەو پارەی دیکەمان نییە.
 
وەزارەتی دارایی بە تەواویی یەکیگرتووەتەوە؟ یاخود ئاسەواری ماوە؟
– لە ٢٠١٢/٥/٢١ وەزارەتی دارایی یەکیگرتووەتەوە، بەڵام بمانەوێت بڵێن تەواو یەکیگرتۆتەوە ئەوا دەکرێ بڵێن ھێشتا ھەندێ شت ماوە بکرێت، چەندین ساڵ شەڕی ناوخۆ و دەرکردنی رێنمایی و بڕیاری جیاواز ئەمانە ھەمووی پێویستی بە یەکخستنەوە ھەیە، بەڵام ئێستا یەک وەزیرو ئامر بیسەرف و یەک بریکار ھەیە، بەڵام ھێشتا ھەندێک کۆسپ ھەیە چارەسەر نەکراوەو ھەوڵدەدرێت تا چارەسەر بکرێت، ئێمە کۆبوونەوەی تایبەتمان ھەیە بۆ ئەوەی یەکگرتنەوەکە لە %١٠٠ بێت ئێستا دەتوانم بڵێم لە رێنمایی ماومانەو مەسەلەی ھەندێک رێکخستنی مووچە ماوەو ھەندێ رێنمایی ماوە کاریان لەسەر بکرێت و بەردەوامیش کاری لەسەر دەکەین.
حیسابی خیتامی پێویستە چاودێری دارایی ئیمزای لەسەر بکات، بەڵام ئێستا دەزانین ئەو دەزگایە سەرۆکی نییە، بۆ ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە پەرلەمان یاخود حکومەت بەرپرسیارەو چارەی نەکردووە؟
– مەسەلەی چاودێری دارایی پەیوەندی بە پەرلەمانەوە ھەیەو ھیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتەوە نییەو یەکێکە لە دەزگاکانی سەر بە پەرلەمان، ئێمە وەک حکومەت لە مانگی چوارەوە دەستدەکەین بە حیسابی خیتامی، چونکە ھەموو حیساباتە خیتامیەکان لە وەزارەتی دارایی نییەو ھەر وەزارەتێک دەبێت لە ١٦/٤ حیساباتی خیتامی خۆی بکات، ھەر وەزارەتێک کە تەواوبوو دەبێت بینێرێت بۆ وەزارەتی دارایی، وەزارەتی دارایش دەبێت یەکیبخات و بینێرێتە ئەنجومەنی وەزیران و لەوێ بنێردرێت بۆ چاودێرری دارایی کە دەبێت لەوێ وردبینی بکرێت و ئەنجومەنی چاودێریی دارایی بڕیاری لەسەر بدات و بینێرێت بۆ پەرلەمان.
پێویستە چاودێری دارایی ئەنجومەنێکی ھەبێت سەرۆکی ئەنجومەنەکە ئیمزای کۆتایی لەسەر حیسابی خیتامیەکە بکات، ئایا ئێوە وەک حکومەت کێشەی ئەوەتان بۆ دروست نابێت کە حیسابی خیتامی لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە ناچێت بۆ پەرلەمان؟
– من خۆم ٧ ساڵ سەرۆکی چاودێری دارایی بووم، لەبەرئەوە ئەگەر چاودێری دارایی سەرۆکەکەی ئامادەبێت و دانرابێت ئەوا وردبینی دەکات و پەسەندی دەکات و دەینێرێت بۆ پەرلەمان، پەرلەمان یەکەم دەسەڵاتەو ھەر بۆیە کە پەسەندی کرد بە پەسندکراو حیسابە، بەڵام حیساباتی ھەموو وەزارەت و دەزگاو فەرمانگەیەک کۆتایی نییەو ھەر کاتێک چاودێری دارایی بیەوێت دەتوانێت پەسەندی بکاتەوە.
ئێوە وەک وەزارەتی دارایی داوا دەکەن ئەو دەزگایە ئەکتیڤ بکرێت؟
– بەڵێ وەک ئەوەی چەندین جار داوام کردووەو لێرەوەش داوا دەکەم، چونکە چاودێری دارایی ئێمە و حکومەتیش دەپارێزێت و ھەڵەو کەموکوڕییەکان چارەسەر دەکات.
پڕۆژەی زیادکردنی موچەی خانەنشینان لە بەغدا پڕۆژەیەک ئامادەکراوەو ئەوە بڵاوکرایەوە تا ھەموواری یاسایەکە دەکرێت مانگانە ١٠٠ ھەزار دەخرێتە سەر موچەی خانەنشینان ئەمە چۆنەو بۆ ھەرێم چۆن دەبێت؟
– تائێستا ئەم پڕۆژەیەمان بۆ نەھاتووەو نەمبینیوەو تائێستا تەنھا لە راگەیاندنەکانەوە ئەم پڕۆژەم بیستووەو خوێندومەتەوە، چونکە ھێشتا لە پەرلەمان پەسەند نەکراوە ھەر کاتێک پەسەند بکرێت ئەوا دەچێتە ئەنجومەنی وەزیرانی بەغداو لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت.
لە بارەی پێشمەرگەوە، پارەی پێشمەرگە تائێستا نەدراوە، باشە دەکرێت بەردەوام پارەی ھێزی پێشمەرگە لە بودجەی ھەرێم ببڕدرێت و لەوێش لە بودجەی سیادە دابینبکرێت؟
– بەڵێ لە بودجەی سیادە دابیندەکرێت، بەڵام ناینێرن بۆ ئێمەو ئەمە ٧ ساڵە لە چوارچێوەی یاسای بودجە ئاماژەی پێدەکرێت و نایدەن، لە کاتێکدا ئەمە مافی خۆمانە، بەپێی تەقدیری ئێمە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٧ ملیار دۆلارمان لێ زەوتکراوەو نەدراوە.
بۆ سلفەکانی ھاوسەرگیری و تواناسازی و خانووبەرەو پیشەسازیی و کشتوکاڵ بە ژمارە چەند خەرجکراوە؟
– ئێمە تائێستا بۆ پێشینەی ھاوسەرگیری ٧١١ ملیار و ٩٥٦ ملیۆن، بۆ پێشینەی خانووبەرە ٢ ترلیۆن و ٧٥٨ملیار و ٧١١ ملیۆن، بۆ قەرزی وەبەرھێنان ٢٦٨ ملیار و ٥٣ ملیۆن، بۆ کشتوکاڵ ١٥٦ ملیار ١٢٨ ملیۆن، بۆ پیشەسازی ١٤ ملیار و ١٥٥ ملیۆنمان خەرجکردووە. کۆی گشتی ٣ ترلیۆن و ٩٤٧ ملیار و ١٦٤ ملیۆن دینارخەرجکراوە.
کێشەی بانکی فیدرال لە ھەولێر چی بەسەرھات ئەو پارەیەی لێی دیار نەمابوو؟
– لیژنەیەکی بۆ دانراوەو ئێستا کارەکانی لە تەحقیقدایەو بڕە پارەکەشی دیارنییەو تائێستا راپۆرتی لیژنەکەمان بۆ نەھاتۆتەوە تا وەڵامێکی راست بدەینەوە.
ھەوڵی کردنەوەی زیاتری بانکی حکومی نەدراوە بۆ ئاسانکاری ئیشوکاری خەڵک؟
– بەردەوام بانک دەکەینەوەو نوسینگەش دەکرێتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران لە گوندەکانەوە دابەشبکرێت، کارمان لەسەر ئەوە کردووە زۆربەی مووچە تایبەتیەکان و لە ھەندێک وەزارەت فەرمانبەرانیش لە بانک پارەکەیان وەردەگرن و ھەندێک وەزارەت ھەیە کارەکانیان تەواو کراوە.
ئەگەر ھەر رێنماییەک لە وەزارەتی دارایی دەربچێت دەبێت پابەندی یاسا بێت کە لە پەرلەمانەوە دەرکراوە ئایا دەکرێت رێنمایی پێچەوانەی یاسا بێت؟ ئەگەر ھاووڵاتییەک رووبەڕوی ئەم کێشە بوویەوە چۆن کێشەکەی چارەبکات؟
– ھەر رێنماییەک پێچەوانەی یاسا بێت ئێمە لێرە رێکیدەخەینەوە، ھەر رێنماییەک لەلایەن حکومەتەوە دەربکرێت دەنێردرێتە ئەنجومەنی شورا بۆ پێداچونەوەو رێکخستنی ھەر کێشەیەکی یاسایی، ئەگەر رێنماییەک لە فەرمانگەیەکی دیاریکراو جێبەجێنەکرا ئەوا دەکرێت ئەو کەسەی کێشەی ھەیە نوسراوی رەسمی ئاراستەی وەزارەتی دارایی بکات بۆ تێگەیشتن لە رێنماییەکە ئەگەر چارە نەکراو بەرپرسێکی دیاریکراو لە فەرمانگەیەک رێنمایی حکومەتی جێبەجێنەکرد لە رووی داراییەوە ئەوا دەکرێ ئەو کەسەی تێبینی یان داوای ھەیە بچێتە دادگای ئیداریی و لەوێ کێشەکەی یەکلایی بکاتەوە.
مەسەلەی نەوت و داھاتەکەی نایەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و دەچێتەوە بەغدا ئەمە چۆنە؟
– ئەو نەوتەی کە لە ھەرێم بەرھەمدەھێنرێت دەچێتە بۆریەکانی بەغداوەو بۆ بەغدا دەچێت، سەبارەت بە داھاتی نەوت وەک چۆن ئەو بڕیارەی لە پەرلەمان دەرچووە ئێمە جێبەجێیدەکەین، پەرلەمان بڕیاریداوە ئێمە ٢ حیساب بکەینەوە بۆ نەوت و بەرھەمەکانی نەوتی و ئێمەش وەک وەزارەتی دارایی ھەردوو حیسابەکەمان کردۆتەوە، دەبێ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پارەکانیان بخەنە ئەو دوو حیسابە، ئەوەندەی من ئاگادارم دەبێت وابێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەوە چەند مانگە پێشنیارکراوە سندوقی داھاتی نەوت دابنرێت و رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام تائێستا بڕیاری لێنەدراوە، ئەگەر یاساکە دەربچێت پارەکە دەچێتە ناو ئەم سندوقەو ئەم سندوقە بەپێی یاسا پێکدەھێنرێت، بەڵێ ئەم دوو حیسابە ھەیەو سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان خۆیانەو ھەر کاتێک لەلایەن پەرلەمانەوە یاسای ئەم سندوقی داھاتی بەرھەمە نەوتییەکان دەرچوو ئەوا پێویستە بچێتەوە ئەو سندوقە.
لە کوردستانی نوێ-ـەوە