کارەبای سلێمانی ئاگادارییەک بۆ خاوەن مۆلیدە ئەھلییەکان بڵاو دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، ئاگادارییەکی بۆ سەرجەم خاوەن مۆلیدە ئەھلییەکان بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 11/6/2018، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا ھاتووە: ئاگاداری خاوەن مۆ‌لیدە ئەھلییەکان دەکەینەوە، کە ھەر وەک لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕاگەیەنرا، بەرنامەی مۆ‌لیدە ئەھلییەکان 24 کاتژمێرییە ‌و ھەر کاتێک کارەبای نیشتمانی کوژایەوە، پێویستە ئەوان مۆ‌لیدەکانیان کار پێبکەن، نابێت لە 15 خولەک زیاتر دوا بکەون، بە ‌پێچەوانەوە سزا دەدرێن”.

باس لەوەش کراوە: “دڵنیایی بە خاوەن مۆلیدەکان دەدەین، کە وەک ساڵانی پێشوو لەکاتی کارکردنی 24 کاتژمێری، کرێی کارپێکەرێکی زیادەیان بۆ ھەژمار دەکرێت کە 0.5 دینارە.

کارەبای سلێمانی ڕوونیشی کردووەتەوە: “ھەر مۆ‌لیدەیەک ئەگەر لەلایەن ھاووڵاتییان سکاڵای لەسەر بێت، سەبارەت بە دواکەوتن لەکارکردن، پارەی کارپێکەری زیادەی بۆ ھەژمار ناکرێت”.