سعوودیە و ئیمارات و کوێت، دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار پێشکەش بە ئوردن دەکەن

ھەریەکە لە سعوودیە، ئیمارات و کوێت رایانگەیاند کە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار وەک پاڵپشتی دارایی پێشکەش بە ئوردن دەکەن.

لە کۆتایی ئەو لووتکەیەی کە لە کۆشکی سەفا لە مەککە بەڕێوەچوو و تیایدا شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود و میری کوێت، سەباح ئەحمەد جابر سەباح و جێگری سەرۆکی ئیمارات، محەمەد بن راشد ئالمەکتوم لەگەڵ شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم بەشداریان کردبوو بەیاننامەیەک بڵاو کرایەوە.

ئاژانسی ھەواڵیی سعوودیە بڵاویکردەوە ھەر یەکە لە سعوودیە، ئیمارات و کوێت رایانگەیاندووە کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ پاڵپشتی لە بوودجەی حکوومەتی ئوردن دەکەن، ھەروەھا وەک پشتیوانی دارایی بۆ پڕۆژەکانی گەشەپێدان، دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار پێشکەشی حکوومەتی ئوردن دەکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە کە لای خۆیەوە شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم لە بەرامبەر بەستنی لووتکەکەدا، سوپاس و ستایشی شای سعوودیەی کردووە، ھەروەھا ھیوای خواستووە کە پشتیوانی و یارمەتییە داراییەکانی ئەو سێ وڵاتە ببێتە مایەی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی کە ئێستا ئوردن رووبەڕووی بووەتەوە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی ئوردن، ھانی مولقی لە بەرامبەر بەردەوام ئەو خۆپیشاندانەی کە ھاووڵاتییانی ئوردن دژ پەسەندکردنی پڕۆژەی یاسای ھەوموارکردنی باجی داھات لە لایەن حکوومەتەوە، دەستیان پێ کردبوو دەستیلەکارکێشابوویەوە.

دواتر شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم وەزیری پەروەردە، عومەر رزاز-ی راسپارد بۆ ئەوەی حکوومەتێکی نوێ پێکبھێنێت.