تره‌مپ به‌ هۆی ره‌خنه‌گرتنی سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌داوه‌ واژوو له‌سه‌ر لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی G-7 ناكات


سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ به‌ هۆی ره‌خنه‌گرتنی سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا، جەستن ترودۆ له‌ جێبه‌جێكردنی باجی گومرکی سه‌ر پۆڵا و ئه‌له‌منیۆم له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، رایگه‌یاند كه‌ واژوو له‌سه‌ر راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی G-7 ناكات.

تره‌مپ له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تویته‌ر به‌ توندی ره‌خنه‌ی له‌ ترودۆ گرتووه‌ و نوسیوویه‌تی: “دوای جێهێشتنی ئه‌وێ سه‌رۆكوه‌زیران جەستن ترودۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند ‘باجی گومرکی ئه‌مریكا وه‌ك بڵێی سووكایه‌تی پێكردنه‌’ له‌ كاتێكدا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی G-7 زۆر به‌ باشی مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد. ئه‌مه‌ش تا بڵێی دووڕوویی و لاوازیه‌”.

تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ دانانی باجی نوێی گومرکی ئه‌مریكا له‌سه‌ر كه‌نه‌دا وه‌ك وه‌ڵامێكه‌ بۆ كه‌نه‌دا كه‌ به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا ٢٧٠ باجی گومرکی خستۆته‌ سه‌ر به‌رهه‌مه‌ شیره‌مه‌نییه‌كانی ئه‌مریكا و وتی: “به‌ هۆی لێدوانه‌ هه‌ڵه‌كانی جەستن و ئه‌و باجی گومرکییه‌ زۆره‌ی به‌سه‌ر جووتیار، كرێكار و كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كاندا داسه‌پێندراوه‌ به‌ شاندی ئه‌مریكام گوتووه‌ كه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی G-7 ده‌رنابڕم و واژووی له‌سه‌ر ناكه‌م”.