فراكسیۆنی‌ یەكێتیی‌ دڵنیایی بەموچەخۆران دەدات لەبارەی‌ هەڵگرتنی‌ سیستمی‌ پاشەكەوت


فراكسیۆنی‌ یەكێتیی‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستان دڵنیایی بەموچەخۆران دەدات لەبارەی‌ هەڵگرتنی‌ سیستمی‌ پاشەكەوتی‌ موچەی‌ فەرمانبەران بەهۆی جێبەجێكردنی‌ یاسای چاكسازیی و خانەنشینیەوە، سەرۆكی‌ فراكسیۆنەكەش تەئكیددەكاتەوە، چاوەڕواندەكرێت سبەینێ‌ یەكشەممە بڕیاری كۆتایی لەبارەی‌ یاساكە بدرێت و ڕێكەوتن و ڕەزامەندی لایەنەكان بەدەستبهێنێت. 

پێشتر ژمارەیەك پەرلەمانتار ئاماژەیان بەوەدابوو، بەهۆی گۆڕانكاری لەچەند بڕگەیەكی‌ یاسای چاكسازیی، مەترسی‌ ئەوە هەیە، نەتوانرێت داهات بۆ حكومەت بگەڕێتەوەو بەو هۆیەشەوە سیستمی‌ پاشەكەوتیش هەڵناوەشێتەوەو بەردەوام كاری‌ پێدەكرێت.

دلێر ماوەتی‌ سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یەكێتیی‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستان بە گەلی كوردستانی ڕاگەیاند، وەك فراكسیۆنی‌ یەكێتیی‌ ڕێگەنادەین ئەگەر بڕگەیەك زیانی‌ بۆ موچەخۆران هەبێت، گۆڕانكاریی لەیاسای‌ چاكسازیدا بكرێت.

وتیشی: ئەوەی‌ باسی لێوە دەكرێت گوایە گۆڕانكاریی‌ لەو بڕگانەدا دەكرێت كە داهات بۆ حكومەت نەگەڕێتەوە، ئەوە هیچ بنەمایەكی‌ نییەو دورە لەڕاستیەوە.

سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یەكێتیی ڕاشیگەیاند، “تائێستا ڕێكەوتنی‌ لایەنەكان لەسەر یەكلاكردنەوەو تێپەڕاندنی‌ یاساكە نەكراوە، بۆیە ئێمە وەكو یەكێتیی بەهەموو هەوڵمانەوە كار بەو ئاراستەیە دەكەین یاساكە یەكلابكرێتەوەو داهاتیش بگەڕێتەوە بۆ حكومەت.