هەناردەی نەوتی هەرێم بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە


ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان لە نوێترین ڕاپۆرتیدا دەڵێت، بەهۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، هەناردەی نەوتی هەرێم لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا ٤٤،٥٨ کەمیکردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا کە لە ژێر ناوی هەناردە و داهاتی نەوت لەبەردەم ڕۆشنایدا بڵاویکردووەتەوە، ڕێکخراوەکە دەڵێت، ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 82 ملیۆن و 722 هەزار و 121 بەرمیل لەساڵی 2017ەوە بۆ 45 ملیۆن و 845 هەزار و 319 بەرمیل لە ساڵی 2018 دابەزیوە.

ئاشکراشیکردووە، تێكڕای رۆژانەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە پێنج مانگی ڕابردووی 2017 بریتیبووە لە 560 هەزار و 396 بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام تێكڕای هەناردە لە ماوەی 5 مانگی سەرەتای ئەمساڵ دەگاتە 256 هەزار و 706 بەرمیل نەوت.

لەبارەی داهاتی هەناردەی نەوتیش، دەڵێت، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت،  داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەراورد بەڕێژەی كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان زیادیكردووە.