سەرۆکی ژوور: لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکانی واشنتۆن کۆ دەبێتەوە

بە مەبەستی بەھێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و واشنتۆن سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی واشنتۆن كۆبووه‌وه‌.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەتەلاری یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی واشنتۆن لە ئەمریکا کۆبونەوەیەکی گرنگمان بەئامادەبونی نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە ئەمریکا، لەگەڵ ستیڤی لوتێس جێگری سەرۆکی ژوورە بازرگانیەکانی واشنتۆن و بەرپرسی پەیوەندیەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕست بۆکاروباری بازرگانی و ئابوری ئەنجامدا بۆ قسەکردن لەسەر پەیوەندیە بازرگانیەکان لەنێوان ھەردولادا.

ڕاشگەیاند: لەکۆبونەوەکەدا پێمان ڕاگەیاندن ھەرێمی کوردستان گونجاوە بۆ کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکیەکان تا ھانیانبدەن کارە بازرگانیەکانین لەوناوچەیە گرنگی زیاتری پێبدرێت چونکە ھەرێمی کوردستان لەڕوی ئاسایشەوە گونجاوە و ئارامی تیایدا بەھێزە.

سەرۆکی ژوور ئەوەشی وت: لەکۆبونەوەکەدا پێمان ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان کۆمپانیای گەورەمان ھەیە کەبازرگانی لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپادەکەن و ساڵانە بە سەدان ملێۆن ێۆرۆ کاڵا ھاوردەدەکەن بۆیە توانای ئەوەشیان ھەیە کار لەگەڵ بازرگانانی ئەمریکابکەن و پەیوەندیەکان بەھێزتربکەن، ئەمەش بە ئەنجامدانی کۆنفرانسی ئابوری گەورە ئەتواندرێت بسەلمێندرێت کە ئێمە دەتوانین میوانداری کۆمپانیا ئەمریکیەکان بکەین و بێن بەچاوی خۆیان ھەرێمی کوردستان ببینن و لەگەڵ گەورە بازرگانانی ھەرێم گفتوگۆبکەن.

ئاماژەی بەوەشدا ستیڤی لوتێس جێگری سەرۆکی ژوورە بازرگانیەکانی واشنتۆن و بەرپرسی پەیوەندیەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕست خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەسردانەکامان و داوایکرد پرۆتۆکۆڵێکی ھاوبەشی لێکتێگەشتن ئامادەبکرێت بۆ واژۆکردن و کارکردن لەنێوان ھەردولادا داستپێبکات.

یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەکانی واشنتۆن خاوەی ٣ ملێۆن ئەندامە کەکاروباری بازرگانی ئەنجامدەدەن.