ناوەڕاستی ئەم مانگە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێت

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رای ده‌گه‌یه‌نێت کە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێت.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یاند: ”له‌ رۆژى 17ى ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ست به‌ وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیاران شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت”.

 به‌ڕێوه‌به‌رەی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی، ئەوەشی خستە روو، كه‌ پێده‌چێت له‌ پارێزگاى دهۆك پێش ئه‌و به‌رواره‌ سایلۆكان ده‌ست به‌ وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیارانى سنووره‌كه‌ بكه‌ن.

له‌باره‌ى زیانه‌كانى ده‌رنگ وه‌رگرتنى گه‌نم به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا به‌شێك له‌ جووتیاران به‌روبومه‌كه‌یان دروێنە کردوو‌‌ه‌، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م روونی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م پرسه‌ په‌یوه‌ندى به‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵه‌وه‌ هه‌یه‌، “وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ سیڤى جووتیاره‌كانى نه‌ناردووه‌”.

كۆمپانیاى گشتیى بازرگانى و دانه‌وێڵه‌ى عێراق، له‌ ساڵى 2018 بۆ هه‌ر ته‌نێك گه‌نمى پله‌ یه‌ك 560 هه‌زار دینار، پله‌ دوو 480 هه‌زار دینار و پله‌ سێ 420 هه‌زار دینارى دیاری كردووه‌.