له‌ لووتكه‌ی جی٧ دا تره‌مپ به‌ جیا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كان كۆبووه‌وه‌

له‌ چوارچێوه‌ی لووتكه‌ی جی7 كه‌ له‌ كه‌نه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ، به‌ جیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا، جه‌ستن ترۆدۆ و سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن كۆبووه‌وه‌.

یه‌كه‌م رۆژی 44ـه‌مین لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی جی7 كه‌ سه‌ركرده‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ جی7 كه‌ له‌ ئه‌مریكا، ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا، ژاپۆن، فه‌ڕه‌نسا، كه‌نه‌دا و ئیتاڵیا پێكهاتووه‌، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپای له‌ كێبێك سیتی كه‌نه‌دا كۆكرده‌وه‌، ته‌وابوو.

له‌ یه‌كه‌م رۆژی لووتكه‌كه‌دا سه‌ركرده‌كان وێنه‌ی خێزانیان گرت و، به‌ پێوه‌ گفتوگۆیه‌كی كورتیان ئه‌نجامدا. پاشان كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی ئه‌نجامدران، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆكی ئه‌مریكا تره‌مپ، كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا ترۆدۆ ئه‌نجامدا.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ له‌سێبه‌ری بارگرژی گومركی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌ڕێوه‌چوو، تره‌مپ رایگه‌یاند: “په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر باشن. كارده‌كه‌ین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی باجه‌كانی گومرك و گه‌یشتن به‌ خاڵێكی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ وڵاته‌كانمان. مه‌ودای زۆرمان بڕیوه‌ به‌ڵام ده‌بینین كه‌ چۆن به‌رده‌وام ده‌بین”.

لای خۆیه‌وه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا ترۆدۆ، ئاماژ1ه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ بابه‌تی باجی گومرك زۆر گرنگه‌ و، هه‌وڵ و ته‌قه‌لا ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی بێ ئه‌وه‌ی زیان به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هه‌ردوو وڵات بكه‌وێت.

پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ترۆدۆ سه‌رۆكی ئه‌مریكا تره‌مپ له‌گه‌ڵ سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا ماكرۆن كۆبووه‌وه‌.

له‌و كۆبوونه‌وه‌ دووقۆڵیه‌ی تره‌مپ و ترودۆدا كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا كاته‌كانی سه‌ره‌تای لووتكه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌بچێت به‌ڵام دوایانخست، تاوتوێی بابه‌ته‌كانی وه‌ك بازرگانی و باجی گومركی نێوان ئه‌مریكا و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كرا.

لای خۆیه‌وه‌ تره‌مپ رایگه‌یاند: “په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر باشن به‌ڵام له‌باره‌ی بازرگانیدا رووبه‌ڕووی هه‌ندێ تاقیكردنه‌وه‌ بووین. ئه‌مریكا له‌ كورتهێنانی گه‌وره‌دایه‌ له‌ بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و ئێمه‌یش كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین. پێموایه‌ كه‌ شتی ئه‌رێنیی رووده‌ده‌ن”.

له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا ماكرۆن، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بینرێت هه‌ردوولا خوازیاری دۆزینه‌وه‌ی فۆرموله‌یه‌كن كه‌ هه‌ردوولایه‌ن قازانجی تێدا بكه‌ن، خۆشحاڵی خۆیشی به‌وه‌ راگه‌یاند و، گوتی: “هه‌ندێجار بیركردنه‌وه‌ی جیاوازمان ده‌بێت به‌ڵام ئیدی هه‌ستمان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ خاوه‌نی به‌ها و نیگه‌رانی هاوبه‌شین”.

44ـه‌مین لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی جی7 كه‌ له‌ رێوشوێنێكی ئه‌منیی توندوتۆڵدا له‌ كه‌نه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سبه‌ینێ كۆتایی پێدێت.