ماوەی چەند ڕۆژێكە بەهای دۆلاری ئەمریكی لەبازارەكانی هەرێمی كوردستانو عێراق بەرزبوونەوەی زۆری بەخۆیەوە بینیوەو لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا (100) دۆلاری ئەمریكی لە(123) هەزار دینارەوە بۆ نزیكەی (126) هەزار دیناری عێراقی بەرز بووەتەوە.
ئەحمەد حەمەرەشید لەنوسینگەی پشدەر لەبازاری دۆلارەكەی سلێمانی بە(نها24)ی راگەیاندوە، فرۆشی دۆلار لەبازارەكانی عێراقدا كەمیكردووەو بانكی مەركەزی عێراق بەرێژەیەكی كەمتر دۆلاری ئەمریكی دەخاتە بازارەوە.
ناوبراو وتیشی: پێشتر بانكی مەركەزی رۆژانە (230) ملیۆن دۆلاری دەخستە بازارەوە، بەڵام لەئێستادا رۆژانە تەنها (80 بۆ 110) ملیۆن دۆلار دەخاتە بازارەوە، ئەوەش بەشی پێداویستی بازاری پارێزگاكانی عێراقو هەرێمی كوردستان ناكات.
ئەحمەد حەمەرەشید ئاشكراشكرد، ئەمڕۆ لەبازاری دۆلارەكەی سلێمانی نرخی (100) دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بوو بە(125.750) دیناری عێراقی.