رێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئاشکرایکرد بەدرێژایی لووتکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون کە بڕیارە رۆژی ١٢ی حوزەیران لە سینگاپوور بەڕێوەبچێت، چەند بەشێک لە کایەی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا دادەخرێت.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی “Channel New Asia” لەو ئاگاداریینامەیەدا کە رێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانی مەدەنی بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە رۆژانی ١١، ١٢ و ١٣ی حوزەیران بنکەی ئاسمانیی ئەمریکی پایا لیبەر لە خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە و دەورووبەری بنکەکە، بەڕووی گەشتە مەدەنییەکاندا دادەخرێن و هاوکات لە فڕۆکەخانەی چانگی و لەو شوێنانەی کە حکوومەتی سینگاپوور وەک ناوچەی تایبەتیی لووتکەکە دەستنیشانی کردوون، سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکان جێبەجێدەکرێن.
ئاماژە بەوەشکراوە لەو رێکەوتانەدا داوا لەو فڕۆکانە کە لە چانگی دەنیشنەوە دەکرێت کە خێراییەکانیان کەم بکەنەوە و بەرەوڕووی ژمارەیەک سنووردارکردن لە کاتی بەکارهێنانی رێڕەوی فڕین و نیشتنەوە، دەبنەوە.
هاوکات حکوومەتی سینگاپوور ناوچەیەکی وەک ناوچەی چالاکیی تایبەت راگەیاندووە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ژمارەیەک لە زنجیرە هۆتێلە نێودەوڵەتییەکان لەخۆدەگرێت و لە دوورگەی سانتۆساش کە هۆتێلی کاپێلای لێیە و بڕیارە میوانداریی کۆبوونەوەکانی لووتکەکە بکات، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و درۆن قەدەغە دەکرێت.