هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ ئێران، دوای رەوانەكردنی چەند كاروانێك بە تانكەر راگیراوەو بڕیارە لەگەڵ چارەسەری كێشە هونەرییەكاندا بەفەرمی دەستپێبكاتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا لێپرسراوانی پارێزگاكە ئاگاداری وردەكاری ئەو پرۆسەیە نین.
بەپێی رێككەوتنێكی هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و ئێران كراوە، بڕیارە نەوتی كەركوك بە تانكەر رەوانەی ئەو وڵاتە بكرێت، لەچەند رۆژی رابردووشدا تاران دەستپێكردنی ئەو پرۆسەیەی راگەیاند، بەڵام بەغدا دەڵێت: تەنیا بۆ تاقیكردنەوە بووە.
(عاسم جیهاد) وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ كەركوك ناو وتویەتی، لەئێستادا ئامادەكارییەكانی هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لە رێگەی تەنكەرەوە بۆ ئێران بە گشتی كۆتایی پێنەهاتووە، لە ماوەی رابردوو چەند تەنكەرێك رەوانە كراوە تەنها بەمەبەستی تاقیكردنەوەی رێگەكە بووە.
ئەوەشی روونكردۆتەوە، هەركاتێك ئامادەكارییەكان كۆتایی بێت بە فەرمی هەناردەكردنەكە دەستپێدەكات، ئەو ئامادەكارییانەش زیاتر پەیوەستە بەرێگەوبانەوە، چونكە رێگەی هاتوچۆی تەنكەرەكان بەرزی و نزمی و شاخاوییە، پێویستە لەوبارەیەوە بیر لە سەلامەتی بكرێتەوە.
رێككەوتنەكەی تاران و بەغدا، بۆ هەناردەی رۆژانەی (30 تا 60) هەزار بەرمیلە لەرێگەی تەنكەرەوە بۆ شاری كرمانشان، دواتر وەرگرتنەوەی بەرهەمە نەوتییەكان لە پاڵاوگەكانی باشوری عێراق.
(جەبار لوعێبی) وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بەهۆی كێشەی هونەرییەوە نەوتی كەركوك هەناردەی ئێران ناكرێت، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەكەی حەوت مانگ لەمەوبەر واژۆكراوە.
ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ئاژانسی هەواڵەكانی وەزارەتی نەوتی ئێران بڵاویكردبوویەوە، تەنكەرەكانی نەوتی خاوی كەركوك گەیشتوونەتە وڵاتەكەیان و لە خەزێنە نەوتییەكانی (دەرە شار) كە لەلایەن كۆمپانیای نیشتمانی تارانەوە تەرخانكراوە، تەنكەرەكان خاڵی كراون.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە نەوتی كەركوك، تائێستا تەنیا یەك كاروان نەوتی شارەكە بۆ ماوەیەك رۆژێك لەرێگەی چەند تەنكەرێكەوە رەوانەی ئێران كراون، دواتر پرۆسەكە راگیراوە بەهۆی چەند كێشەیەكەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتی، بەهۆی كێشەی تەكنیكی و ئیدارییەوە راگیراو بڕیاروایە لە چەند رۆژی داهاتوو كێشەكە چارەسەر بكرێت و جارێكی دیكە هەناردەكە دەستپێبكاتەوە.
(جەمال مەولود) ئەندامی لێژنەی وزەو نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەمان سەرچاوە رایگەیاندووە، وەكو ئەندامانی لێژنەكە تەنها (لەبارەی هەناردەی نەوت) بیستومانە، بەڵام هیچ شتێكی فەرمی و نووسراوێك بۆ ئێمە نەهاتووە.
ئەنجوومەنی پارێزگا لە دوای رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەرەوە دانیشتنەكانی پەكیكەوتووەو بەشێك لە ئەندامەكانی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.
(نەجات حوسێن) ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لەو ئەنجوومەنە رایگەیاندووە، نزیكەی شەش مانگە لێژنەكەمان سڕكراوە، بەهۆی ئەوەی نە سەرۆكی ئەنجوومەن و نە ئەندامانی ئەنجوومەن ئامادەن، كۆمپانیای نەوتیش هیچ دەعوەتنامەیەكمان بۆ نانێرن.