حەسەن جەنابی، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق رایدەگەیەنێت، لەبەر خاتری مانگی رەمەزان، توركیا بڕیاریداوە تا مانگی تەموز ئاوی روباری دیجلە لە عێراق نەگرێتەوە.
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئەوەی رەتكردەوە قەیرانی كارەساتباری ئاو بوونی هەبێ و مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی عێراق دروست بكات.
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق هەروەها دەڵێت: ئەو بڕە ئاوەی لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوەوە تا مانگی حوزەیران هاتووەتە عێراق لە 50%ی كۆی گشتیە.
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق پێشبینیكرد ئەو ئاوەی لەم ساڵدا دێتە عێراقەوە بگاتە 30 ملیار مەتر سێجا كە كەمترین بڕە ئاوە لە ساڵی 1931ە هاتووەتە عێراقەوەو دەكاتە لە 44%ی كۆی گشتی.
جەنابی وتیشی، ئەو بڕە ئاوەی تا سەرەتای مانگی حوزەیران عەمباركراوە، 17 ملیارو 500 ملیۆن مەتر سێجایە، كە كەمترین رێژەی عەمباركراوی ئاوە لە ساڵی 2015ەوە.