چه‌ند رێكخراوێكی‌ ئابوری‌ داوای‌ راگرتنی‌ درامای‌ سایه‌ ده‌كه‌ن

چه‌ند رێكخراوێكی‌ ئابوری‌ سه‌ر به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت، داوای‌ راگرتنی‌ درامای سایه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌بڕوای‌ ئه‌وان ناوه‌رۆكی‌ دراماكه‌ “زیان له‌كه‌رتی‌ تایبه‌تی‌ ئابوری‌ كوردستان ده‌دات‌و خاوه‌ن كۆمپانیاكان له‌كه‌دار ده‌كات”، ده‌رهێنه‌ری‌ دراماكه‌ش ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستیان له‌كه‌داركردنی‌ هیچ كه‌سێك بێت‌و ده‌ڵێت “هه‌ر كه‌سێك بیخاته‌سه‌ر خۆی‌، دیاره‌ خۆی‌ تێدا ده‌بینێته‌وه‌”.
 
درامای‌ سایه‌ كه‌ له‌ئێستادا له‌كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ كوردسات پیشانده‌رێ‌، له‌به‌شێكیدا باس له‌خاوه‌ن كۆمپانیایه‌ك ده‌كات كه‌ “ده‌یه‌وێت كارمه‌ندێكی‌ خۆی‌ بۆكاری‌ نه‌شیاو ئیستغلال بكات”. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆژی 25/2/ چه‌ند رێكخراوێكی‌ ئابوری‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تی‌ وه‌ك به‌ڵێنده‌ران‌و وه‌به‌رهێنه‌ران‌و ژوری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌‌و پیاوانی‌ خاوه‌نكار له‌ژوری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ نائاسایی‌ ساز بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دان پیشاندانی‌ ئه‌و دیمه‌نانه‌، وا ده‌كات، ره‌گه‌زی‌ مێینه‌ له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت دوربكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ ژوری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ یاسین ره‌حیم ده‌ڵێت “زیان به‌كه‌رتی‌ ئابوری‌ هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێ‌”. ئه‌وه‌ی‌ بۆ یاسین جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌، له‌ریكلامی‌ سه‌ره‌تای‌ دراماكه‌دا وتراوه‌، كه‌ “روداوه‌كانی‌ دراماكه‌ هه‌ڵقوڵاوی‌ ناو كۆمه‌ڵگای‌ كوردییه‌”. یاسین ده‌ڵێت “ئێمه‌ ناڵێین بازرگان‌و خاوه‌ن كۆمپانیاكان هیچ كه‌موكوڕییه‌كیان نییه‌، له‌هه‌مو چین‌و توێژێكدا كه‌سی‌ باش‌و خراپ هه‌یه‌، به‌ڵام ناكرێت نمونه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌شبێت، بكرێته‌ پێوه‌ری‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ كۆمپانیاكان‌و وا له‌خه‌ڵك بگه‌یه‌نرێ‌ كه‌ خاوه‌ن كۆمپانیاكان خه‌ریكی‌ ئه‌و جۆره‌ كاره‌ن، بۆیه‌ داوای‌ راگرتنی‌ ئه‌و درامایه‌ ده‌كه‌ین”.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ بازرگان‌و ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ژوری‌ پیشه‌سازی‌‌و بازرگانی‌ سلێمانی‌ به‌ختیار مه‌حمود، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌رو، كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ره‌تای‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوریدایه‌‌و ده‌ڵێت “ناكرێت به‌كارێكی‌ وه‌ها، كاری‌ بازرگانی‌‌و كۆمپانیاكان له‌كه‌دار بكرێت” ئه‌و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ پیشاندانی‌ ئه‌و جۆره‌ درامایانه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ دورخستنه‌وه‌ی‌ ره‌گه‌زی‌ مێینه‌ له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت. “داوا له‌رێكخراوه‌كانی‌ ژنان‌و ئافره‌تان ده‌كه‌م، ئه‌وانیش هه‌ڵوێستیان هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و درامایه‌ وا ده‌كات، ژنان‌و كچان دوربكه‌ونه‌وه‌ له‌كاركردن له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت، ئه‌مه‌ش بۆ ئابوری‌ كوردستان‌و خودی‌ ژنانیش زۆر خراپه‌”.
هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ وتبێژی‌ یه‌كێتی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ كوردستان یاسین مه‌حمود ره‌شید ئه‌وه‌ ده‌خاته‌رو كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌چه‌ندین جۆری‌ جیاواز هانی‌ گه‌شه‌كردنی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تی‌ ئابوری‌ ده‌دات، به‌نمونه‌ش باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ حكومه‌ت هانی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ خۆی‌ ده‌دات رو له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین ئاسانكارییان بۆ ده‌كات. ئه‌و ده‌ڵێت “به‌ڵام پێده‌چێت پیشاندانی‌ ئه‌م جۆره‌ درامایانه‌، وا له‌خه‌ڵكی‌‌و به‌تایبه‌ت ره‌گه‌زی‌ مێینه‌ بكات، دوربكه‌وێته‌وه‌ له‌ئیشكردن له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت، كه‌ به‌پێی‌ ئامارێكی‌ ئێمه‌ نزیكه‌ی‌80هه‌زار ئافره‌ت له‌كه‌رتی‌ تایبه‌تدا كار ده‌كات”. وته‌بێژه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ وه‌به‌رهێنه‌ران جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌یان دژی‌ كه‌ناڵی‌ كوردسات نییه‌ “به‌ڵكو ده‌مانه‌وێ‌ له‌گه‌ڵ كوردساتدا هه‌ڵوێسته‌كانمان یه‌كبخه‌ین، بۆ به‌ره‌وپێشبردنی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و پاراستنی‌ به‌ها ره‌وشتییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌”.
له‌لای‌ خۆشییه‌وه‌ ده‌رهێنه‌ری‌ درامای‌ سایه‌ مه‌ریوان ئیبراهیم،
ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ دراماكه‌دا به‌تایتڵێك ئه‌وه‌یان نوسیوه‌ كه‌ “روداوو كه‌سایه‌تی‌ ناو دراماكه‌، ته‌نها بیرۆكه‌‌و خه‌یاڵی‌ نوسه‌ر‌و سیناریسته‌، بۆیه‌ داواكارین هیچ كه‌سێك نه‌یخاته‌ سه‌ر خۆی‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر كه‌سێك بیخاته‌سه‌ر خۆی‌، دیاره‌ خۆی‌ تێدا ده‌بینێته‌وه‌”.
له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ش كه‌ هاوسه‌نگییان رانه‌گرتوه‌‌و باسیان له‌خاوه‌ن كۆمپانیاكانیش نه‌كردوه‌، كه‌ به‌باشی‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌و وتی‌ “ده‌كرا ئه‌وه‌شی‌ تێدابوایه‌، به‌ڵام ئێمه‌ زیاتر كه‌موكوڕییه‌كان ده‌خه‌ینه‌رو”. له‌باره‌ی‌ داواكاری‌ راگرتنی‌ دراماكه‌ش وتی‌ “ئه‌وه‌ داواكارییه‌كی‌ ناره‌وایه‌