سەرچاوە سەرەكییەكانی ئاوی بەنداوەكانی كوردستان لە دەرەوەی هەرێمن گرتنەوەیان مەترسی گەورە دروستده‌كات

پرسی ئاو و كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی زێ‌ و دەریاچەكانی هەرێمی كوردستان بە هۆی دروستكردنی بەنداو و گرتنەوەی بەشێكی ئەو ئاوانەی دەڕژێنە خاكی هەرێمی كوردستانەوە لە لایەن ئێرانەوە، گەرمترین پرسی رۆژی ئێستای هەرێمی كوردستانە و بووەتە باس و خواسی گەرمی هەواڵ و تۆڕە كۆمەڵایەتی و كۆڕ و كۆبوونەوەكان.

ئەو پرسە پێش چەند رۆژێك سەری هەڵدایەوە، دوای ئەوەی ئێران بەشێكی ئاوی زێی بچووكی گرتەوە و بەو هۆیەوە ئاستی ئاوی ئەو زێیە لە سنووری قەزای قەڵادزێ‌ لە پارێزگای سلێمانی 80 سانتیمەتر دابەزی و كاریگەری گەورەی لەسەر ئاوی خواردنەوەی ناوچەكە دروست كرد و ژمارەیەكی زۆر ماسی ناو ئاوەكەش بەو هۆیەوە لەناوچوون.

هەرێمی كوردستان خاوەنی سێ‌ بەنداوی گەورە (دوكان، دەربەندیخان و دهۆك) و چەندین بەنداوی بچووكی ترە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو ساڵانەی دوایدا خستنیە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە بەشێكی زۆری ئەو پڕۆژانە تەواو نەكران.

بەڕێوەبەری گشتیی كۆگا و بەنداوەكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد رایگەیاند، سەرچاوە سەرەكییەكانی ئاوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانن، بە دروستكردنی بەنداو لەسەر ئەو سەرچاوانە و گرتنەوەیان مەترسی گەورە لەسەر بەنداوەكانی هەرێم دروست دەبن.

ئەكرەم ئەحمەد  راگەیاند “دروستكردنی بەنداو لەسەر رێڕەوە ئاوییەكان كە دەڕژێنە خاكی هەرێمی كوردستانەوە كاریگەری زۆری هەیە، چونكە ئەو سەرچاوانە سەرچاوەی سەرەكی ئاوی بەنداوەكانی هەرێمن”.