بەرێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند، وابڕیارە ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو ١٠ی حوزەیران یەکەم گەشت لە فڕۆکەخانەی (ئیمام خومەینیەوە) لە تارانی پایتەختی ئێرانەوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەست پێبکاتەوە بەڵام بۆ تورکیا هێشتا دیار نیە.
تاهیرعەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕاگەیاند، بەهۆی وەستانی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی نێوان شاری سلێمانی و وڵاتانی ئێران و تورکیا و ئەوروپاوە زیانێکی زۆری ئابووری بەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کەوتووە.
ئەوەشی ڕاگەیاند، وابڕیارە ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو ١٠ی حوزەیران یەکەم گەشت لە فڕۆکەخانەی تارانەوە بۆ سلێمانی دەست پێبکاتەوە، گەشتەکانیش لەهەفتەیەکدا دووجار دەبێـت و لە داهاتووشدا زیاتر دەبێت بە پێی ئەو پێداویستیانەی کە دێتە ئاراوە.
سەبارەت بە کردنەوەی گەشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ تورکیادا تاهیر عەبدوڵا ئاماژەی بەئەوەشکرد، فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی یان یاسایی و یان چاودێری لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی تورکیادا نیە بەڵام ئەو وڵاتە ڕەزامەندی دەرنابرێت بە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
وتیشی، تورکیا تەنها گەشتەکانی خۆی لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانیدا دانەخستووە بەڵکو تەواوی ئەو گەشتانەی کە لە وڵاتانی ئەوروپاوە دێنە سلێمانی و سنوری ئاسمانی بەڕویدا داخستووە.
باس لەوەشکرد، پێویستە حکومەتی عێراق بە پێی ئەو رێکەوتنامەیەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی کێشەکە چارەسەر بکات، چونکە فڕۆکەخانەی سلێمانی فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتیە و هیچ کێشەیەکی یاسایی و تەکنیکی نیە.
بەهۆى ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستانەوە گەشتى نێودەوڵەتى لە فڕۆکەخانەکانى هەرێمەوە قەدەغەکران و بەو هۆیەشەوە گرفت لەبەردەم گەشتی هاوڵاتیاندا دروستبوو، پاش چەند مانگێکیش حکومەتى عێراق ئەو بڕیارەى هەڵوەشاندەوە و جارێکى دیکە گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەستیان پێکردەوە.