کۆمپانیای بۆیینگ رایدەگەیەنێت کە پابەندی گەمارۆکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران دەبێت و لەگەڵ ئەوەی رێککەوتنێکی لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە، هیچ فڕۆکەیەکی رادەستی تاران ناکات.
کۆمپانیای بۆیینگ رایگەیاندووە، لە ساڵی 2016دا گەورەترین مامەڵەی فرۆشتنی فڕۆکەی لە ماوەی 40 ساڵی رابوردوودا لەگەڵ کۆمپانیای ئێران ئەیر واژۆ کردووە و بەپێی رێککەوتنی نێوانیان بڕیار بووە 80 فڕۆکە رادەستی ئەو کۆمپانیایە بکات، کە بەهاکەی 16.6 ملیار دۆلار بووە.
هەروەها بۆیینگ رێککەوتنێکی بۆ فرۆشتنی 20 فڕۆکەی (بۆیینگ مەکس 737) لەگەڵ کۆمپانیای ئاسمان ئەیر واژۆ کردووە کە بەهاکەی دەکاتە 3 ملیار دلار. بڕیار بووە ئەم فڕۆکانە لە ساڵی 2022وە تا 2024 رادەستی کۆمپانیای ئاسمان ئەیر بکرێن.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا بڕیاریدا لە رێککەوتنە ناوەکییەکەی ئێران بکشێتەوە، گەمارۆکانی خستەوە سەر ئێران و لەو چوارچێوەیەشدا کۆمپانیای بۆیینگ رایگەیاندووە لەگەڵ ئەوەی رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئێران هەبووە، بەڵام بە هۆی گەمارۆ نوێیەکانەوە هیچ فڕۆکەیەک رادەستی ئێران ناکات.