توركیا له‌ راكردنى ملیۆنێره‌كان له‌سه‌ر ئاستی دنیا پله‌ى یه‌كه‌مى وه‌رگرتووه‌


رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مه‌ریكى ئاشكراى ده‌كات، له‌ ماوه‌ى رابردوودا %12 ده‌وڵه‌مه‌ندانى توركیا وڵاتى خۆیان جێ هێشتووه‌، سامانه‌كانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات گواستووه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووه‌، له‌ ماوه‌ى رابردوودا تێبینى كراوه‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندانى توركیا وڵاته‌كه‌ى خۆیان جێ هیشتووه‌.

نووسه‌رى راپۆرته‌كه‌ كه‌ ناوى رۆجێر شارمایه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كاتێك ته‌نگژه‌یه‌كى ئابوورى له‌ وڵاتێك روو ده‌دات ده‌وڵه‌مه‌ندان پێشه‌نگ ده‌بن له‌وه‌ى وڵاته‌كه‌یان جێ بهێڵن، ده‌ڵێ “ده‌وڵه‌مه‌ندان سه‌رمایه‌كانیان نابه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌نیا له‌كاتێك نه‌بێت كه‌ وڵاته‌كه‌یان به‌ره‌و كاره‌سات بچێت”.

له‌ به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌ى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌پێى توێژینه‌وه‌كان له‌ توركیا 15 ملیۆن كه‌س هه‌ن زیاتر له‌ ملیۆن دۆلاریان هه‌یه‌، له‌ ماوه‌ى رابردووشدا 100 هه‌زار كه‌س له‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ رۆیشتوون و توركیایان جێ هێشتووه‌.

له‌ڕووى ریزبه‌ندى دنیایش توركیا له‌ راكردنى ملیۆنێره‌كان پله‌ى یه‌كه‌مى وه‌رگرتووه‌، به‌دواى ئه‌ویش ڤه‌نزویلا دێت.

هۆكارى راكردنى ده‌وڵه‌مه‌ندان له‌ توركیا به‌ پێى راپۆرته‌كه‌ بۆ دوو شت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یه‌كه‌میان بارودۆخى سه‌ختى ئابوورى توركیایه‌ و ئه‌ویتریش سیاسه‌تى سه‌ركوتكارانه‌ى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆك كۆماره‌.

ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆغانیش تێبینى راكردنى ده‌وڵه‌مه‌ندانى كردووه‌، بۆیه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر وتى، “ئه‌وانه‌ى ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ و سامانه‌كانیان ده‌به‌ن، لێیان خۆش نابین”.