سێ پلان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی راگه‌یه‌ندرا

 سەرۆكی لیژنەی وزە و سوتەمەنی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت ، لەكۆبونەوەی لیژنەكەیان لەگەڵ پارێزگار، ٣ پلانی پێشكەشكردوە بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین بۆ ٦٠٠ دینار بۆ یەك لیتر و دیاریكردنی بڕی قازانجەكە.

 رێكەوت زەكی سەرۆكی لیژنەی وزە و سوتەمەنی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بارەی ئەو سێ پلانەوە رایگەیاند :
پلانی A: دەستەبەجێ بەبڕیار نرخی بەنزین دیاریبكرێت یەك لیتر بە ٦٠٠ دینار بۆ نۆرماڵ و محەسەن بە ٦٧٥ .

پلانی B: ئـەگەرنا كۆمپانیایەكی دیاریكراو ئـۆفەرێكی پێشكەشی ئـەنجومەن كردووە بۆ دابینكردنی بەنزینی سەرجەم پارێزگای سلێمانی بە ٦٠٠ دینار بۆ یەك لیتر با ڕێگەی پێبدرێت.

پلانی C: ئـەگەر ئـەوانەی سەرەوە جێبەجێنابێت بفەرموون ھێنانی سوتەمەنی وەك ھەر كاڵایەكیتر بخەنە كێبڕكێی نرخەوە، كام كۆمپانیا بەكەمترین نرخ و بەمەرجی دەرچون لەپشكنین دابینیكرد با مۆڵەتی ھێنان بەو بدرێت.

سەرۆكی لیژنەی وزە و سوتەمەنی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  وتیشی “جێبەجێكردنی ھەریەك لەم خاڵانە قورس نییەو تەنھا جورئـەت و ئـیرادەی بڕیاری دەوێت، بەڵێنمان وەرگرتووە لەپارێزگار كەنرخ دابەزێنن، جگە لەمەش بەنزین بەقاچاخ لە كەركوك و كفریەوە بێ پشكنین داخڵی ھەرێم دەبێت بۆ ئـەمەش بەڵێنمان وەرگرت ئـۆتۆمبێلێكی پشكنین لەبانی مەقان دابنرێت”.

رێكەوت زەكی وتیشی  “ئـەوەی باسدەكرێت حكومەتی عیراق بەنزین بە ٦٠٠دینار دەداتە پارێزگاكان ئـەوە تەنھا پاكتاوی قەرزی چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆییە و كە لەبری پارەی كاش بەنزین لەوەزارەتی نەوتی عیراق وەردەگرن كەی قەرزەكە تەواوبوو بەنزینەكەش دەبڕدرێت و شوێنی ئـومێد و جێبەجێكردن نییە.”