پیاوێك ٣٥ ساڵە سه‌رقاڵی پیشەی بەردسازییه‌

شارۆچکەی سیڤەرەک سەربە پارێزگای ئورفا، مەحمود سەلانیش کە هونەرمەندێکی بەردسازە و ئەو پیشەیەی لە باپیرییەوە بۆ ماوەتەوە، لەگەڵ کوڕەکەیدا سەرگەرمی ژیاندنەوەی کارەکەیانن.

مەحمود سەلانیشی تەمەن ٤٨ ساڵ کە ماوەی ٣٥ ساڵە بەو پیشەیەوە سه‌رقاڵه‌، ئاماژەی بەوەکرد سەدەیەک لەمەوبەر پیشەی بەردسازیی لە باپیرییەوە، زولفەقار سەلانیشەوە کە ئەویش لە بەردسازی بەناوبانگی ئەرمەنی، کاڵۆسەوە فێربووە، بۆ ماوەتەوە.

ئەو ئاماژەی بەوەکرد لە لای باوکی، حەسەن سەلانیش لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە دەستی بە فێربوونی ئەو هونەرە کردووە و لە کاری نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە شوێنەوارە مێژووییەکاندا بەشدارییکردووە. ئاشکراشیکرد ئەو بینایەی کە لە ساڵی ١٩٢٦دا درووستکراوە و ماوەیەک بینای پارێزگا بووە ودواتر وەک قایمقامییەتی سیڤەرەک بەکارهاتووە لە لایەن خێزانەکەی ئەوانەوە درووستکراوە.

سەلانیش جەختی لەوەکردەوە کە بۆ ئەوەی ئەو پیشەیە لەناونەچێت، کوڕەکەی، سەدات سەلانیشی ٢٣ ساڵە لە لای خۆی کارپێدەکات. تیشکی خستەسەر ئەوەش کە لەبەر ئەوەی چەندین ساڵ لەمەوبەر لە خانووەکاندا بەرد بەکاردەهێنران، کارەکەیان زۆر برەوی هەبوو بەڵام بە تێپەڕینی کات حەز و خولیای خەڵک گۆڕاوە و برەوی کارەکەی ئەوانیش رووی لە کزیی کردووە.

ئەو هونەرمەندە بەردسازە باسی لەوەکرد کە پشوودرێژیی لە کارکردندا زۆر گرنگە و وتی: “شێوە دەدەم بە بەردەکان. خێزانەکەم ماوەی سەدەیەکە ئەم پیشەیەیان هەیە. منیش بۆ ئەوەی درێژەی پێبدەم، کوڕەکەمم فێرکردووە. ماوەی ١٢ ساڵە لەگەڵمدا کاردەکات. کارێکی زۆر قورسە شێوە بدەیتە بەردگەلێک کە قورساییەکەیان چەندەها تۆنە و ئەمەش لە رێگە نەریتییەکانەوە دەکەین. 

زۆرێک لە کارەکانم بە دەست دەکەم و جارجار بۆ بڕینی بەردەکان پەنا بۆ ئامێرەکان دەبەم. پێشتر ئامێر نه‌بوون ته‌نها پواز هه‌بوو. ئێمه‌ش به‌ پواز به‌رده‌كانمان ده‌شكاند. به‌تایبه‌تی به‌ردی نه‌خشاندن به‌ پواز نه‌خشیان له‌سه‌ر ده‌كرد. ئه‌و كاره‌ له‌ باپیرمه‌وه‌ فێربووم. باپیرم به‌ پیك به‌ردی ده‌كرد به‌ دوو به‌شه‌وه‌. منیش ئێستا به‌هه‌مان شێوه‌ له‌تیده‌كه‌م. به‌ردی پێنج مه‌تری ده‌رده‌كه‌م. له‌و به‌ردانه‌ كه‌لوپه‌لی رازاندنه‌وه‌ دروست ده‌كه‌ین وه‌ك پروسك، مه‌قه‌ڵی، كورسی، شمشیر و ئاڵا. له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا له‌سه‌ر داوا و به‌پێی خواست شتی دیكه‌ دروست ده‌كه‌ین”.

سه‌لانیش باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌گه‌ر هاوكاری بكرێت ئاماده‌یه‌ پیشه‌كه‌ی فیری گه‌نجان بكات و وتی: “له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ردی بازالت زۆره‌. سه‌رده‌مێك هه‌ومووان ماڵیان له‌به‌رد دروست ده‌كرد. له‌م ساڵانه‌ی رابردوودا كه‌س كاری پێناكات. ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنیی كردووه‌ته‌ سه‌ر كاره‌كه‌مان. منیش له‌بری به‌ردی بیناكاری ده‌ستمكرد به‌ كاری كه‌لوپه‌لی جوانكاریی”.

سه‌دات سه‌لانیش كه‌ ماوه‌ی 12 ساڵه‌ لای باوكی فێری ئه‌و پیشه‌یه‌ ده‌بیت، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ردسازی پیشه‌یه‌كی قورس و زۆر هه‌ستیاره‌ و وتی: “باپیرم باوكمی فێركرد و، باوكیشم من، به‌ردسازی بووه‌ته‌ پیشه‌ی خێزانه‌كه‌مان، ئه‌گه‌ر ببێته‌ نسیب منیش له‌ داهاتوودا منداڵه‌كانم فێرده‌كه‌م”.