فاتیح یڵدز: “ئاوه‌كه‌مان نه‌بڕیوه‌ و پێدانی ئاو به‌ عێراق به‌رده‌وامه‌”


باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا، فاتیح یڵدز رایگه‌یاند، گرتنه‌وه‌ی به‌نداوی ئەلیسو له‌ یه‌كی حوزه‌یرانه‌وه‌ نه‌بووه‌ته‌ هۆی بڕینی ئاو له‌ عێراق و به‌رده‌وامده‌بن له‌ پێدانی ئاو به‌ ناوچه‌كه‌.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌ بینای باڵیۆزخانه‌ی توركیا له‌ به‌غدا به‌سترابوو، فاتیح یڵدز رایگه‌یاند، هه‌میشه‌ توركیا هه‌وڵی پاراستنی ئاوه‌كانی داوه‌ و بابه‌تی ئاو بووه‌ته‌ بوارێك بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غدا.

باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا، فاتیح یڵدز راشیگه‌یاند، له‌باره‌ی گرتنه‌وه‌ی ئاوی به‌نداوی ئەلیسو له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراق گه‌یشتتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چ رێگایه‌ك بگیرێته‌به‌ر و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌باره‌ی به‌نداوه‌كه‌وه‌ هه‌ندێك بابه‌ت هه‌یه‌ كه‌ رای گشتی پشتگوێی خستووه‌.

فاتیح یڵدز وتی: “كاتێك به‌نداوی ئەلیسو ده‌گرینه‌وه‌ به‌واتای ئه‌وه‌ نایه‌ت كه‌ ئاوه‌كه‌ به‌ته‌واوی ده‌گرینه‌وه‌. ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی 15ی ئایار ئه‌نجاممانداوه‌ له‌باره‌ی چۆنیەتی رژانی ئاوه‌كه‌وه‌یه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ئاوه‌كه‌ نابڕێت و به‌رده‌وام ده‌بێت. هێشتا پێدانی به‌شێكی گرنگی ئاوه‌كه‌ به‌عێراق به‌رده‌وامه‌”.

– “هه‌نگاوی هاوبه‌ش ده‌نێین و تاك لایه‌نه‌ نییه‌”

باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا، فاتیح یڵدز جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ توركیا بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، له‌باره‌ی ئاوی به‌نداوی ئەلیسووه‌وه‌ هیچ هه‌نگاوێك نانێت و هه‌نگاوه‌كان هاوبه‌ش ده‌بن نه‌ك تاك لایه‌نه‌.

فاتیح یڵدز ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2017دا كاتێ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ردانی توركیای كردووه‌ پێی راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ به‌نداوه‌كه‌ ته‌واوببووه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆ ئاوگلدانه‌وه‌، به‌شێوه‌ی ئاسایی كاره‌كانی پڕكردنی به‌نداوه‌كه‌ له‌ به‌هار و پایزدا ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توركیا پێویستی پێی بوو له‌سه‌رداوای حكوومه‌تی عێراق دوامانخست بۆ ئه‌م به‌رواره‌.

باڵیۆز فاتیح یڵدز باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئەلیسو به‌نداوی ئاودێری نییه‌ به‌ڵكو به‌نداوی هایدرۆئه‌لیكتریكه‌، به‌ مه‌به‌ستی ئاودێری به‌كارنایه‌ت به‌ڵكو بۆ هه‌ڵگرتنی ئاو و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به‌كارده‌هێنرێت.

باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا، فاتیح یڵدز ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد ئه‌و هه‌واڵانه‌ راست نین كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن پڕبوونی به‌نداوه‌كه‌ پێنج ساڵ ده‌خایه‌نێت، باسی له‌وه‌یش كرد كه‌ له‌ ماوه‌یی ساڵێكدا وێستگه‌ی هایدرۆئه‌لیكتریكه‌كه‌ی به‌ ته‌واوی كارده‌كات و ئاو كۆده‌كاته‌وه‌، هه‌ركاتێک ئاستی ئاوه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئاستی تۆڕباینه‌كان ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با ده‌كرێت.

فاتیح یڵدز جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كه‌مبوونی بڕی ئاوی رووباری دیجله‌ قۆناغێكی نوێ نییه‌ و ساڵی رابردوو وشكترین وشكه‌ ساڵی بوو و وتی: “زۆر ره‌وا نییه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی بڕی ئاوی دیجله‌ ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ ئاو گلدانه‌وه‌وه‌ كه‌ رۆژی هه‌ینی ده‌ستیپێكرد. دادپه‌روه‌رانه‌ نییه‌ دۆخێك كه‌ ئه‌مساڵ بینیومانه‌ راسته‌وخۆ بیبه‌ستینه‌وه‌ به‌ ئەلیسووه‌وه‌”.