هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی بۆ چارەسەركردنی گرفتی گرتنەوەی بەشێك لە ئاوی زێی بچوك بەردەوامە

دوابەدوای گرتنەوەی بەشێك لە ئاوی زێی بچووك لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەدی كۆڵەسەی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان،  گرفتی  ئاوی خواردنەوە بۆ شاری قەڵادزێ دروست بووە، چونكە  پڕۆژەی  ئاوی خواردنەوەی شارەكە  دەكەوێتەسەر  ئاوی خاس  كە سەرچاوەكەی  ئاوی  زێی بچووكە، ئەمە  جگە  لە دروستبوونی كێشە بۆ 2 هەزار  دۆنم زەوی  كشتوكاڵی‌و 75  پڕۆژەی  حەوزی ماسی.

 لەوبارەیەوە هیوا قەرەنی سەرپەشتیاری  ئیدارەی ڕاپەڕین ڕاگەیاند، دوابەدوای  دروستبوونی ئەم گرفتە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان-مان لێ ئاگاداركردەوەو بەڕێزیشیان لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك كۆنسۆڵی كۆماری ئیسلامی ئێران‌و وەزیری  كشتوكاڵی هەرێم‌و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق‌و بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكانی لێ  ئاگادار كردۆتەوەو  لەهەوڵدان بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە.

 هاوكات محەمەد حسێن بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی پشدەر ڕاگەیاند، لەڕێگەی ئامێرەكانمانەوە ڕێڕەوی ئەو ئاوە كەمەی كەماوە دەگۆڕین بۆ  نزیككردنەوەی ئاوەكە لەپەمپەكانی پڕۆژەی ئاوی خاس‌و هەموو توانایەكمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی دانیشتوانی شارەكە بێ ئاو نەبن، لەئێستاشدا بۆ هەر  گەڕەكێك نزیكەی 25 دەقیقە ئاوی خواردنەوە دەدرێت بە ماڵان.