لەچارەكی یەكەمی ئەمساڵدا 383 ملیۆن‌و 500 هەزار مۆبایلی زیرەك لەسەرانسەری جیهاندا فرۆشراو


 توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای كردووە، لەچارەكی یەكەمی ئەمساڵدا 383 ملیۆن‌و 500 هەزار مۆبایلی زیرەك لەسەرانسەری جیهاندا فرۆشراوە، بەراود بەهەمان ماوەی ساڵی رابردووش كە 378 ملیۆن‌و 500 هەزار بووە بەرێژەی لەسەدا یەك پۆینت 3 زیادیكردووە. 

بەپێی ئەو توێژینەوەی كە لەلایەن دامەزراوەی گارتنەر بۆ توێژینەوە جیهانیەكان بڵاوكراوتەوە، كۆمپانیای سامسۆنگ پشكی شێری ئەو فرۆشتنانەی بەركەوتووەو لەو ماوەیەدا 78 ملیۆن‌و 564 هەزار مۆبایلی فرۆشتووە، بەوشێویەش توانیویەتی ببێتە خاوەنی رێژەی لەسەدا 20 پۆینت 5ی فرۆشتنی مۆبایلی زیرەك لەجیهاندا. 

ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیای ئەپڵی ئەمریكی بەفرۆشتنی زیاتر لە 54 ملیۆن مۆبایلی ئایفۆن لەپلەی دووەمدا هاتووەو پشكی لەسەدا 14ی فرۆشتنەكانی بردووە، دوای ئەویش كۆمپانیای هواوی چینی لەپلەی سێیەمدا هاتووە‌و 40 ملیۆن‌و 426 هەزار مۆبایلی زیرەكی فرۆشتوەو بۆتە خاوەنی رێژەی لەسەدا 10 پۆینت 5 لەبازاڕی فرۆشتنی مۆبایلەكان.