عەلی خامنه‌یی فەرمانی دروستکردنی ١٩٠ ھەزار ئامێری سانتریفوجی کرد

رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنه‌یی فەرمانی دروستکردنی ١٩٠ ھەزار ئامێری سانتریفوجی بە دامەزراوەی ناوەکی وڵاتەکەی کرد. 

خامنه‌یی لە پرۆگرامی ٢٩یەمین ساڵیای کۆچی دوایی سەرکردەی شۆڕشی ئێران، ئایەتوڵا خومەینی وتارێکی پێشکەش کرد و تێدا رایگەیاند کە ئەوان قبوڵ ناکەن داوا لە ئێران بکرێ ھەم واز لە چالاکییە ناوەکییەکان بھێنێ ھەمیش سزای سەر وڵاتەکەی بەردەوام بن. 

راشیگەیاند کە دەیانەوێ بە سەپاندنی سزا، چۆک بە ئێران دابنێن و گوتیشی: “بەپێی ئەو وتانەی کە لە وڵاتانی ئەورووپا بیستومانە، داوا دەکرێ کە ئێمە واز لە چالاکی ناوەکی بھێنین و لەلایەکی دیکە گەمارۆکانی سەر ئێران بەردەوام بن. ئەوان تەنھا لە خەون ئەمە دەبینن”. 

لەلایەکی دیکەش، عەلی خامنه‌یی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ناوەکی فەرمانی دروستکردنی ١٩٠ ھەزار ئامێری سانتریفوجی بە دامەزراوەی ناوەکی وڵاتەکەی کرد. 

پێنج ئەندامی ھەمیشەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (بەریتانیا، ئەمریکا، چین، فەڕەنسا و رووسیا)، وڵاتی ئەڵمانیا رێککەوتنی ناوەکیان لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران واژوو کردبوو.