جووتیار و بازرگانانی عێراق به‌ نرخێكی هەرزان گەنم لە جووتیارانی سلێمانی دەكڕن


بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رای دەگەیەنێت، بەغدا بە پلان لە هەوڵی شكستپێهێنانی بووژاندنەوەی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستاندایە.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیاندوه‌: “بەهۆی كەمكردنەوەی بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، ئێستا جووتیارانی سلێمانی بە نرخێكی هەرزانتر گەنمەكەیان دەفرۆشتنە جووتیار و بازرگانانی خوارووی عێراق”.

نەوزاد ئەدهەم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “بە پێچەوانەی پارێزگاكانی خوار و ناوەڕاستی عێراق، بەغدا بڕی گەنمی وەرگیراوی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی بە ڕێژەیەكی زۆر كەم دیاری كردووە و ئەمەش وای كردووە ئێستا جووتیارانی سلێمانی گەنمەكەیان بە هەرزانتر لە نرخی دیاریكراو بفرۆشنە جووتیارانی خوارووی عێراق”.

بەپێی زانیارییەكان، جووتیار و بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بە نرخێكی هەرزان گەنم لە جووتیارانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەكڕن و لە ناوچەكانی خۆیان بە نرخێكی زیاتر، بە ناوی گەنمی خۆیان دەیبەنە سایلۆكان و دەیفرۆشنە حكوومەتی عێراق”.

كۆمپانیای گشتیی بازرگانی و دانەوێڵەی عێراق، بۆ وەرزی ساڵی 2018 بۆ هەر تەنێك گەنمی پلە یەك 560 هەزار دینار، پلە دوو 480 هەزار دینار و پلە سێ 420 هەزار دیناری دیاری كردووە، “جووتیارنی هەرێمی كوردستان بەهۆی زۆریی رێژەی بەرهەم هاتوەوە بۆ هەر تەنێك 100 هەزار دینار بە زیان دەیفرۆشنە جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق”.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێی وایە كە بەغدا بە پلان و لەڕێگەی كەمكردنەوەی بڕی گەنمی وەرگیراوی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەیەوێت، پاشەكشێ بە بووژاندنەوەی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بكات.