تاهیر عەبدوڵا: یەکشەممەی داهاتوو گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند کە لە یەکشەممەی داهاتوو 10ی حوزەیرنای 2018ەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و سلێمانی دەستپێدەکاتەوە.

تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، لە یەکشەممەی داهاتووەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی ئێران و فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە و هەفتانە دوو گەشت ئەنجامدەدرێت.

وتیشی “ئێمە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەموو ئامادەکارییەکمان تەواوکردوە بۆ پێشوازیکردن لە فڕۆکە و گەشتیارە ئێرانییەکان”.

دەربارەی ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت گەشتی عەمرە ئەنجامبدەن و لەمپەڕ لەبەردەم گەشتەکەیان بۆ دروستبووە، وتی “ئەو کێشەیە هۆکاری سەرەکی هێڵی ئاسمانی عێراقییە، دەبوو ئەو هێڵە فڕۆکەیان بۆ دابینبکات، بەڵام هێڵەکە نەیتوانیوە ئەو کارە بکات”.

ئەوەشی وت “ئەم کێشەیە نوێ نییە و هەموو ساڵێک هەبووە کە هێڵی ئاسمانی عێراقی نەیتوانیوە فڕۆکەی پێویست بۆ ئەو کەسانە لە مانگی رەمەزاندا دابینبکات، بەڵام ساڵانی پێشوو هێڵی ئاسمانی عێراقی پشتی بە هێڵی شاهانەی ئەردەنی دەبەست، بەڵام لەمساڵدا هێڵە عێراقییەکە تەنیا بۆ خۆی بەجێهێشتووە کارەکە و نایەڵێت هێڵی شاهانەی ئەردەنیش هاوکاری بکات”.

ئاماژەی بەوەشکرد “ئەم کارەی هێڵی ئاسمانی عێراقی کێشەی زۆری بۆ ئەو کەسانە دروستکردوە کە دەیانەوێت گەشتی عەمرە بکەن، ئێستا دەبێت پارەیەکی زۆرتر خەرجبکەن و هەندێكیان دەچنە بەغدا لەوێوە بۆ بەیروت و پاشان دەچنە دوبەی و دواتر دەگەنە سعودیە”.