قایمقامی قەڵادزی: ئاستی ئاو لە زێی بچووك 80 سانتیمه‌تر دابەزیوە

لە کۆتایی ھەفتەی رابردووەوە ئێران ئاستی بەردانەوەی ئاوی زێی بچووکی کەمکردووەتەوە و ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر رێژەی ئەو ئاوەی کە دەگاتە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق.

قایمقامی قەڵادزی، بەکر باییز وتی: “ماوەی سێ رۆژ بوو ئاستی ئاوی زێی بچووک بە بەردەوامی دادەبەزی و گەیشتە ئەوەی ٨٠ سانتیمەتر دابەزێت و ئەوەش وایکرد پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ کە لەسەر زێی بچووکە پەمپەکانی بکەوێتە بۆشاییەوە و نەتوانرا ئاوی پێویست دابین بکات، ئەوەش وایکرد یەکجاری ھەست بەوە بکرێت ئاستی ئاوەکە دابەزێت، بەڵام ئێستا رێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر و پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ کاردەکات و ئاویش دابەش دەکرێت”.

سەبارەت بە کاریگەریی گرتنەوەی ئاوەکە کە چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە و مەترسیی بۆ سەر ژینگە و کشتوکاڵ ھەیە، سەرباری بێ ئاوبوونی بەشێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بۆ ماوەیەک، بەکر باییز روونی کردەوە “بەشێک لە ئاوەکە گیراوەتەوە و ئاستی ئاوەکە دابەزیوە، بەڵام تەنھا لەسەر ئاستی مرۆیی و ژینگەیی زیانی ھەبووە، لەسەر ئاستی مرۆییەوە دانیشتوانی قەڵادزی ٧٥ بۆ ٨٠ ھەزار کەس دەبێت ئاوی لێ دابەش نەکرا، بەڵام دەستمان بە دابەشکردنی کردووەتەوە، ھەروەھا لە رووی ژینگەییەوە ژمارەیەکی زۆری ماسی لە ئەنجامی دابەزینی ئەو ئاوە قڕ بووە، بەشێکیشی لە رێگەی پۆلیسی دارستان و ئەو ئامێرانەی لەوێ ھەبوون ئاوەکە گەڕێنراوەتەوە و بەشێکی دیکەی ماسییەکان خراونەتەوە نێو زێیەکە و توانراوە رزگار بکرێن”.

زێی بچووک رووبارێکە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت و دەڕژێتە ناو رووباری دیجلە و بە ھەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و دواتر دەگاتە ناوچەکانی دیکەی عێراق و لە کۆتاییدا تێکەڵ بە کەنداو دەبێت، درێژیی ئەم رووبارە ٤٠٠ کیلۆمەتر دەبێت لەنێو عێراقدا و لە بەشێکیشیدا سنووری نێوان عێراق و ئێران دیاری دەکات.

لە ھەرێمی کوردستان بەنداوی دوکان لەسەر ئەم رووبارە دروستکراوە و لە دیوی ئێرانیشەوە بەنداوی سەردەشتی لەسەر دروستکراوە.

لە درێژەی قسەکانیدا قایمقامی قەڵادزی، بەکر باییز وتی: “لە میانی سێ رۆژدا، ٨٠ سانتیمەتر ئاو دابەزیوە، مەرج نییە ئەمە بەردەوام نەبێت، ئێستاش بڕێکی باش ئاو لەنێو زێدا تێپەڕ دەبێت و باوەڕناکەم ئێستا کێشەمان بۆ دروست بێت و رەنگە کێشەکە بۆ وەرزی پایییز دروست بێت ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت”.

لەبارەی گرتنەوەی ئاوەکەشەوە لە لایەن ئێران، بەکر باییز وتی: “ھۆکارەکە نازانرێت و پەیوەندیی بە تێستی بەنداوی ئەو دیوەوەوە ھەیە یان ئیشکردنی تۆڕباینی بەنداوەکە یان شتی دیکە ئەوە نازانرێت، بەڵام ئێمە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانمان لێ ئاگادارکردووەتەوە”.

زێی بچووک سێیەم لقی رووباری دیجلەیە و لە ئێرانەوە بۆ قەڵادزێ و دوکان لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەڕژێت تا دەگاتە ناوچەی پردێ و دواتریش باکووری بێجی، بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاویی پارێزگای کەرکووک دادەنرێت و سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی پارێزگاکەیە.

چەند جارێکە ئێران ئەم ئاوە دەگرێتەوە یان رێژەی ھاتنی ئاوەکەی بۆ ناو عێراق کەم دەکاتەوە.