دادگای فیدڕٍاڵی تا 27ی ئەم مانگە مۆڵەت دەداتە هەرێم بۆ وەڵامدانەوەی هەناردەكردنی نەوت


دادگای باڵای فیدڕاڵی لەعیراق مۆڵەتی تا 27ی حوزەیران دەداتە هەرێمی كوردستان تا وەڵامەكانی خۆی لەبارەی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم پێشكەش بكات.

ئەیاس سامۆك وتەبێژی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەعیراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند دادگای فیدڕاڵَی دانیشتنی خۆی بەسەرۆكایەتی دادوەر میدحەت مەحمود و بەئامادەبوونی سەرجەم دادوەران ئەنجامدا بۆ چاوخشاندنەوە بەسكاڵای وەزیری نەوتی عیراق لەدژی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كەتیایدا وەزیری سامانەسروشتییەكان و حكومەتی هەرێم تۆمەتبار دەكات بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی نادەستووری. 

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە پارێزەرانی هەموو لایەنەكانی دۆسیەكە لەدادگا ئامادەبوون لەنێویشیاندا پارێزەرەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری دارایی عیراق. دەشڵێت لەسەر داوای پارێزەری یاسایی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان دانیشتنەكە دواخراوە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە وەڵامی پێویست لەبارەی دۆسیەكە لە وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێَم وەربگرێت.

ئەیاس سامۆك راشیگەیاند: دادگا  بڕیاڕیداوە دوا مۆڵەت بداتە وەزیری سامانەسروشتییەكان و حكومەتی هەرێم  تا وەڵامی خۆیان پێش 10 رۆژ لەدەستپێكردنی دانیشتنی داهاتووی دادگا فیدڕاڵی پێشكەش بكەن و بەپێچەوانەشەوە  بە خۆدزینەوە لەوەڵامدانەوەی دادگا دادەنرێت. هەربۆیە سكاڵاكە بۆ  27ی  ئەم مانگە دواخرا.