وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی قەدەغەكردنی جۆرێك گۆشت و هاوردەكردنی ئاژەڵ و مریشكی بەستوو، بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان “رێباز حەملان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەوەكالەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كردووە كە هەریەكە لەبەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری بە وەكالەت و بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری كەرەنتینە و پلان ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون”.
لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە “لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە، لەمڕۆوە مۆڵەتی هاوردەكردنی گۆشتی گامێشی هیندی قەدەغە بكرێت”.
راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ جەخت دەكاتەوە ” لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاریش دراوە بە زیادكردنی پشكی پارێزگاكان لە هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو و مریشكی بەستوو بە ڕێژەی لە سەدا ١٠٠ بۆ پشكی تەرخانكراو، ئەوەش تەنها بۆ هەردوو مانگی حوزەیران و تەمووزی ٢٠١٨یە”.