بەبڕیارێكی قوباد تاڵەبانی خانوە بێ تاپۆكانی پارێزگای هەڵەبجە تاپۆ دەكرێن


 پارێزگای هەڵەبجە ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی بڕیارێكی قوباد تاڵەبانی دەكات، سەبارەت بەتاپۆكردنی خانوە بێ تاپۆكان، پارێزگاری شارەكەش ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەكە سەرجەم هاوڵاتیان لێی سودمەند دەبن و ڕزگاربوونە لەكێشەیەك كە ماوەی ٨٠ ساڵە بەردەوامە. 

عەلی عوسمان, پارێزگاری هەڵەبجە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كۆبونەوەی لیژنەی باڵا بۆ تاپۆكردنی خانوەكان بەڕێوەچوو، لیژنەمان پێكهێناوە لەسەرجەم یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی شارەكە سودمەندبن لەبڕیارەكە، چونكە ماوەی ٨٠ ساڵە كێشەی تاپۆی خانوەكان هەیە.

وتیشی، لیژنەكانمان ڕاسپاردوە كە لەڕۆژی ٢ی ٧ی ٢٠١٨وە دەست بەكارەكانیان بكەن، كە لەسەر ئاستی یەكە ئیدارییەكان پێكمان هێناون‌و هاوڵاتیانیش دەتوانن سەردانیان بكەن‌و شارەوانی هەر سنوورێك لیژنەی تایبەتمەندی تێدا دیاریكراوە.

هەرلەو كۆنگریەدا بەرێوەبەری تاپۆی هەڵەبجەش رایگەیاند، لەرێگەی نوسراو بۆ شارەوانی سنوورەكەی خۆیانەوی دەست دەكەن بەرێكارەكان‌و دوای وردبینی‌و دانی رسوماتەكان سورەت قەیدیان پێدەدرێت.