وڵاتانی پیشەسازیی جیهان هۆشداریی دەدەنە سەرۆکی ئەمریکا و بە هەوڵدان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی بازرگانی، تۆمەتباری دەکەن.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، لوتکەی وڵاتانی حەوت (وڵاتە پیشەسازییەکانی جیهان) بەڕێوە بچێت و تێیدا تاوتوێی پرسە ئابووری، بازرگانی و پیشەسازییەکانی جیهان بکرێت.
وەزیرانی دارایی ئەو حەوت وڵاتە لە کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاریی لوتکەی وڵاتەکانیان، کە رۆژی شەممە 2/6/2018 لە کەنەدا سازیان کرد، هۆشدارییان دایە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵگیرسانی شەڕی بازرگانی لە جیهان.
پێشتر ئەمریکا و بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دابوو رێژەی وەرگرتنی گومرگ لە پۆڵای ئەوروپی و کەنەدی %25 بەرز بکاتەوە و رێژەی وەرگرتنی گومرگیش لە ئەلەمنیۆمی ئەو دوو ناوچەیە %10 بەرز بکاتەوە.
کەنەدا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاش رایانگەیاندووە، کە هەمان هەنگاو دژی بەرهەمە ئەمریکییەکان دەهاوێژن و رێژەی وەرگرتنی گومرگ لەسەر بەرهەمە ئەمریکییەکان بەرز دەکەنەوە، ئەگەر ئەمریکا بەو بڕیارەیدا نەچێتەوە.
گرووپی وڵاتانی حەوت، وڵاتە هەرە پێشکەوتوو و پیشاسازییەکانی جیهانن و بریتین لەم وڵاتانە؛
فەرەنسا
– ئەڵمانیا
– ئیتاڵیا
– کەنەدا
– یابان
– ئەمریکا
– بەریتانیا