كۆمپانیای دایلیم ئیندائیستاریالی كۆریای باشوور ئاشكرای كرد ئەو گرێبەستە دوو ملیار دۆلارییەی هەڵوەشاندووەتەوە كە لە گەڵ ئێراندا بۆ پڕۆژەی دروستكردنی پاڵاوگەیەك واژووی كردبوو.
كۆمپانیاكە هۆكاری كشانەوە لەو گرێبەستەی بۆ بێتوانایی حكوومەتی ئێران لە دابینكردنی بودجەی پڕۆژەكە گەڕاندووەتەوە و ئەمەش دەرەنجامی ئەو سزایانەیە كە ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە.
پڕۆژەكە لە ئیسفەهان بنیات دەنرا و دوو ساڵ لەمەوبەر گرێبەستەكە لە نێوان ئێران و كۆریای باشووردا واژوو كرابوو. كاتی واژووكردنی گرێبەستەكە میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە ئەمە بە گەورەترین گرێبەست هەژمار دەكرێت كە لە رابردوودا كۆریای باشوور و ئێران لەسەری رێككەوتوون.
پاڵاوگەی نەوتی ئیسفەهان ئێستە رۆژانە 375 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و ئەمەش 22%ی پێداویستی ئێران دابین دەكات. كۆمپانیا كۆرییەكە گوتبووی تا ساڵی 2020 كۆتای بە پڕۆژەی پەرەپێدانی پاڵاوگەی نەوتی ئیسفەهان دەهێنێت.
بنكەی سەرەكی كۆمپانیا كۆرییەكە لە ئەمەریكایە و دوای نەمانی سزاكان لە بەرنامەیدا بوو وەبەرهێنانی زیاتر لە ئێراندا بكات.
لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە بە فەرمی دەست بە جێبەجێكردنی سزا قورسەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەكرێت و تا ئەو كاتەش كۆمپانیاكان مۆڵەتیان هەیە چارەنووسی پڕۆژە و گرێبەستەكانیان یەكلا بكەنەوە.