بەیانی ئەمڕۆ شەممە 2/6/2018، كۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی زێی بچوكی گرتۆتەوە و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە و بەهۆیەوە كێشە بۆ ئاوی خواردنەوەی شاری قەڵادزە دروستبوە و ئاوی خواردنەوە دابەش نەكراوە.
گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لەكاتێكدایە 1/6 كاتی بەردانەوەی ئاوە نەوەك گرتنەوەی، هەرێمی كوردستانیش لەو بەروارە ئاو بۆ خوار و ناوەڕاستی عێراق بەردەداتەوە، بەڵام بەداخەوە كۆماری ئسیلامی ئێران لە جیاتی بەردانەوەی ئاو هەڵساوە بە گرتنەوەی و ئەمەش بۆ دووەم جارە ئاو دەگرێتەوە.
لەگەڵ دروست بوونی كێشەكە رێباز حەملان، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە وەكالەت لەگەڵ بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم و بەڕێز سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و لایەنە پەیوەندارەكان لە پەیوەندی بەردەوام دایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی بەندا و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەیوەندی دایە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی عێراقی فیدرال.