وەزارەتی كشتوكاڵ قەرزی درێژخایەن دەدات بە جووتیاران‌و خاوەن پڕۆژە كشتوكاڵیەكان


وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق 200 ملیار دینار تەرخان دەكات بۆ ئەوەی بەشێوەی قەرزی درێژخایەن‌و بەسوودی كەم بدرێت بە جووتیاران‌و خاوەن پڕۆژە كشتوكاڵیەكان.

مەهدی سەهر جبوری بریكاری كارگێڕی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاندوە: وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی وەزارەتی كشتوكاڵ‌و بانكی كشتوكاڵیی بڕی 200 ملیار دیناری خستۆتەسەر هەژماری سندوقی قەرزەكان، بۆ ئەوەی بە سوودێكی كەم قەرزی درێژخایەن بدرێتە جووتیاران‌و خاوەن پڕۆژە كشتوكاڵییەكان.

راشیگەیاندوە: لە چەند مانگی داهاتوودا دەست بە خەرجكردنی ئەو قەرزە دەكرێت بۆ پاڵپشتیكردن لەو جووتیارانەی پڕۆژەی كشتوكاڵی یان ئاژەڵدارییان هەیە، هەروەها ئەو جووتیارانەی خاوەنی پڕۆژەی بچووكن قەرزیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن پڕۆژەی كشتوكاڵی تر دابمەزرێنن.

بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئاماژەی بەوەشكردوە: ئەو قەرزەی دەدرێت بە جووتیاران دەبێتەهۆی ڕەخساندنی هەلی كار‌و بوژاندنەوە‌و گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵی عیراق.