بۆ ساڵى سێیەم ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان ڕادەگەێندرێ

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى سێیەم ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان ڕادەگەێنێت.

د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان یەکێک لە پڕۆژە گرنگ و کاریگەرییەکانى وەزارەتەکەمان، چونکە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە لە ماوەى ڕابردۆتە کاریگەرى زۆرى خستۆتە سەر پێشکەوتنى زانکۆکان و، ئاشناکردنى زانکۆکان بەکۆمەڵێک بەهاى نوێ.

ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: لە ئێستادا لێژنەى باڵاى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان بەردەوامە لە کارەکانى و، واش بڕیارە لە ناوەڕاستى مانگى ئۆکتۆبەرى ئەمساڵ بۆ جارى سێیەم ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان ڕابگەێنین.

د.ئامانج سەعید باسى لە دەسکەوتەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان کرد و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: پرۆسەىڕیزبەندى زانکۆکان پشت بە (٧) پێوەرى سەرەکى و، (٤٧) پێوەرى لاوەکى دەبەستێت، وتیشى جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکان گۆڕانکاری زۆر گرنگی لەگەڵ خۆی هێنا، کەلتوری کێبڕکێی زانستی تۆخکردەوە، پێوەر و ستاندارد و کەلتوری نوێی هێنایە ناو ئەزمونی ئەکادیمیای کوردستان، هەربۆیە بەپێیى داتابێسى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان بەراورد بەساڵانى ڕابردو بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا بەڕێژەى (٣٣٥%) زیادى کردووە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى ناوخۆیى بەڕێژەى (١٤٣%) زیادیکردوە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بەڕێژەى (١٠٠%) زیادى کردوە، هەروەها ئاستى گۆگڵ سایتەیشن بۆ توێژەرانى کوردستان لەنێوان ساڵانى بەڕێژەى (٤٠٠%) زیادى کردوە.