نابیستێكی بەهرەمەند لە هەڵەبجە توانایەكی گەورەی لە بواری ئەلیكترۆنیات هه‌یه‌


عەلی فەتاح ئەمین لەدایكبووی ساڵی 1976ی شاری هەڵەبجەیە، وەك كەسوكارەكەی دەڵێن لە تەمەنی منداڵی و بە هۆی ئەوەی بەیەكجار دەرزییەكی بۆ كراوە كە خۆی پێویست بووە بەسێ‌ جار ئەو دەرزییەكەی بۆ بكرێت، كاریگەری تەندروستی خراپی لەسەر دروستكردووە و بووەتە هۆی لاوازبوونی دەماری بیستنی، بەو هۆیەشەوە توانای بیستن و قسەكردنی لەدەستداوە.

عەلی لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای چاككردنەوەی سەعاتی هەبووە و درێژەی بە پیشەكەی باوكی داوە، سەرەتاش لە ساڵی 1995 بە دانانی مێزێكی بچووك لەسەر شەقامێكی سەرەكی ناوبازاڕی هەڵەبجە دەستیپێكرد و رۆژانە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی خۆی كاری چاكکردنەوەی سەعاتە لەكاركەوتووەكانی هاوشارییەكانی دەكرد.

ئەو رۆژ لە دوای رۆژ لە كارەكەیدا شارەزایی زیاتری وەردەگرت و كارەكەشی فراوانتر دەبوو، دواتر مێزێكی گەورەتری بۆ كارەكەی دانا ، پاش چەند ساڵێكیش دوكانێكی لەناو بازاڕی شارەكەدا بەكرێ‌ گرت و تا ئێستا لەو دوكانەدا درێژە بەكاركردن دەدات و جگە لە سەعات هەموو ئامێرە كارەبایی و ئەلیكترۆنییەكانی تریش چاك دەكاتەوە.

ئەكرەم فەتاح برای گەورەی عەلی-یە و رۆژانە لە نزیكەوە چاودێری و سەرپەرشتی كارەكانی براكەی دەكات و ئەویش بەهەمان شێوە كاری چاكکردنەوەی سەعات دەكات كە لە لای خەڵك بە سەعاتچی ناو دەبرێن، ئەو لە بارەی كارەكەی عەلی وتی: “ئەم پیشەیە لە باوكمانەوە بۆمان ماوەتەوە و درێژەمان پێداوە، عەلی سەرەتا بە چاكکردنەوەی سەعات دەستیپێكرد و وردە وردە پەرەی بەكارەكەی دا، ئەو بیر و مێشكێكی باشی هەیە و زۆر كاری تر دەكات، بە نموونە لەناو مێزەكەی خۆیدا كارەبای بەرهەمهێناوە تا پێویستی بەكارەبای تر نەبێت بۆ راپەڕاندنی كارەكانی، هەروەها لە پاسكیلەكەیدا كارەبای بەرهەمهێناوە و كاری پێدەكات”.

ئەو باس لەوەش دەكات، هەڵەبجییەكان بەڕێزەوە لە عەلی دەروانن و خۆشیان دەوێت كە كەسێك سەرەڕای ئەوەی توانای قسەكردن و بیستنی نەبێت، بەڵام لە بوارێكی تردا شارەزایی گەورەی هەبێت و بژێوی ژیانی خۆی لەو رێگەیەوە پەیدا بكات.

عەلی خێزاندارە و باوكی منداڵێكە، دەست و ئاماژە جێگای قسەكردن و بیستنی بۆ ئەو گرتووەتەوە و رۆژانە ئەو كەسانەی سەردانی دەكەن لەو رێگەیەوە لەیەكتر تێدەگەن و كاروبارەكان بەو شێوەیە بەڕێ‌ دەكات.

ئەكرەمی برای لەو بارەیەوە وتی: “نابیستی و قسەنەكردنەكەی نەبووەتە كێشە و گرفتی گەورە لە بەردەم كارەكەیدا، رۆژانە ئەگەر كێشە و گرفتێك بێتە پێشەوە خۆم دێمە لای و هاوكاری دەكەم”.

نەجمەدین عەبدوڵڵا ماوەی 23 ساڵە لە بازاڕی هەڵەبجە وەك كاسبكارێك كار دەكات و لە نزیكەوە ئاگاداری ئیش و كارەكانی عەلی-یە، ئەو سەرسامە بە توانای عەلی لە بواری ئەلیكترۆنیات و چاکكردنەوەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و وتی: “عەلی سەرەتا بە چاکكردنەوەی سەعات دەستی بەكاركردن كرد و رۆژانە هاوكاریمان دەكرد لە گواستنەوە و دانانی مێزەكەیدا، دواتر كارەكانی فراوانتر كرد و دەستی بە چاکكردنەوەی تەلەڤیزیۆن و ئامێری سیدی و ڤیدیۆ و مۆبایل و ئامێرەكانی تر كرد و هەر كارێكی تری كارەبایی و ئەلیكترۆنی هەبێت توانای ئەوەی هەیە چاكیان بكاتەوە”.