وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكان بۆ مانگی ئایار و خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی حوزەیران ئاشكرا دەكات.
سیروان محەمەد، ووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند؛ نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆمانگی ئایار بە 37 دینارە، كە تێكرای كاركردنی موەلیدەكان لەنێوان 50 بۆ 80 كاتژمێر كاریان كردوە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك لە نێوان 2 هەزار بۆ 3 هەزار دینار دەبێت، بۆیە نرخی ئەمپێڕێك لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تر جیاوازە.
سەبارەت بە بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانكی (6) حوزەیران، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ووتی؛ لە مانگی حوزەیراندا رۆژانە بە كارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلیەكان كارەبای 24 كاتژمێر بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرێت، واتە هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە پێویستە مۆلیدە ئەهلیەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن.
ووتیشی: لە كۆبونەوەكەدا، ئەو خاڵە دووپات كرایەوە كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 15 خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەرێت ، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.
سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون سیتیەكان نرخی كیلۆواتێك بە (202) دینار دیاریكرا.