بنکەیەک بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی گه‌رمیان دەکرێتەوە


بنکەیەک بۆ وەرگرتنی گەنمی ساڵی ٢٠١٨ی جوتیارانی شارۆچکەی کەلار دەکرێتەوە و ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵیش دەڵێت، حکومەتی عێراق زیاتر لە ٥۰۰ ملیارد دیناری جوتیارانی هەرێم قەرزارە.

دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانی عێراق پێشتر تەنها ڕەزامەندی دابوو بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆکانی سەیدسادق، چەمچەماڵ، ڕانیە، دوێنێش بە فەرمی بەنوسراوی ژمارە ۹٦٥ لە ۲۸-٥-۲۰۱۸، بڕیاریدا لە کەلاریش بنکەیەک بکرێتەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی ساڵی ۲۰۱۸ لە سنوری گەرمیان وخانەقین و ناوچەکانی کە ماددەی ۱٤۰ دەیانگرێتەوە.

شایانی باسە لەمساڵدا لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە کە هەڵدەستن بە کڕینەوەی گەنمی جوتیارانی عێراق بە هەرێمیشەوە ، تەنها بڕی ۳۲۳ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت، کە ۱۱٥ هەزارییان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە و ۲۰۸ هەزار تۆنیش لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک وەردەگیرێت.

عەبدولڕەحمان عەلی، ئەندامی لیژنەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: ئەم ڕێژەیەش کەمترە لەنیوەی پێداویستی ساڵانەی دانیشتوانی هەرێم.

عەبدولڕەحمان وتیشی: تا ئێستا زیاتر لە ٥۰۰ ملیارد دیناری جوتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراقە، کە ئەمەش کاریگەری زۆری کردوەتە سەر نائومێدبوونی جوتیارانی کوردستان، کە جوتیاریش نائومێدبوو ئەوا ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەرئاسایشی خۆراک و مەترسی لەسەری دروستدەکات، کە بەشێکی گرنگی ئاسایشی نەتەوەییمانە .

ڕاشیگەیاند: “جوتیارانی کوردستان کەوتونەتە نێوان بەرداشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند، نە هەرێم توانیویەتی پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ بدا و بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان پەیدابکات، نە ناوەندیش بەتەنگ کەرتی کشتوکاڵی هەرێمەوەیە”.