بڕیارێكی نوێ بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەكارهاتوون و هاوردەی هەرێم دەكرێن

لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم، لەمەودوا هەر ئۆتۆمبێلێكی هاوردەكراوی بەكارهاتوو، بەتایبەتی ئەوانەی كە لەدوبەی‌و ئەمریكا هاوردەی هەرێم دەكرێن، پێش ئەوەی تۆماربكرێن، دەبێت پشكنینی پی ڤی ئای(PVI) واتا (هەززە) یان بۆ بكرێت، بڕیارەكە لەهەولێر كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە‌و بەڕێوەبەرایەتی سلێمانیش چاوەڕێی نوسراوی فەرمی بڕیارەكە دەكات، بۆئەوەی بڕیارەكە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.

(فازل حاجی) ئەفسەری هاتوچۆ لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لەئەكاونتی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، لەسەر فەرمانی بەڕێز وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم، لەمەودوا هەر ئۆتۆمبێلێكی هاوردەكراوی بەكارهاتوو، بەتایبەتی ئەوانەی كە لەدوبەی‌و ئەمریكا هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، بەرلەوەی كە تۆماربكرێن، دەبێت پشكنینی پی ڤی ئای(PVI) واتا (هەززە) یان بۆ بكرێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی مۆدێلی ئوتومبێلەكە كە ئەگەر مۆدێل (2018)ش بێت، كە ئەمەش ئەو مەترسیانە دەڕەوینیتەوە كە پێشتر دروست بوو بوو، لەلایەن هاوڵاتیان سەبارەت بەو ئوتومبێلانە كە ئیرباگەكانیان تەقیوە‌و لاشەكانیان بڕاوەتەوە یان چەندین كەموكورتی دیكەیان تێدایە.

فازڵ حاجی ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم بڕیارە كە جێگای دەستخۆشیەوە لەڕۆژی دووشەممە‌ (28/5/2018) لەپارێزگای هەولێر چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

سەبارەت بەبڕیارە نوێیەكە، ڕائید (هێمن ساڵح) بەرپرسی پشكنینی ئۆتۆمبێل لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی تایبەت بەترافیم ئێف ئێمی ڕاگەیاند، تاوەكو ئێستا ئەوان وەك هاتوچۆی سلێمانی بڕیارەكەیان بەدەست نەگەیشتووە، هەركات بەنوسراوی فەرمی بڕیارەكەیان بەدەست گەیشت، ڕێنمایی پێویستی بۆ دەردەكەن‌و دەیخەنە بواری جێبەجێكردنەوە.