بازرگانی و پیشه‌سازی: قه‌یرانی دارایی تاچه‌ند هۆكار بوو بۆ بوژاندنه‌وه‌و گه‌شه‌كردنی زیاتری كه‌رتی كشتوكاڵ له‌ كوردستاندا؟
رزگار خدر: بێ گومان قه‌یرانی دارایی وه‌رچه‌رخانێك بوو، بۆ كه‌سانێك كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ زه‌ویه‌كانیان جێهێشتوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌ی كه‌ پێیانه‌ دووباره‌ له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵداری و كێڵگه‌ی به‌خێوكردنی ماسی و خانووی پلاستیكیدا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، به‌ دوو مه‌به‌ست، یه‌كه‌م به‌مه‌بستی په‌یداكردنی نان و قوت و بژێوی ماڵ و منداڵیان و مه‌ترسی ئه‌وه‌ی كار كه‌سابه‌ت نه‌مێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ئیشێك بكات و پاره‌یه‌كی ده‌ست بكه‌وێت، له‌ هه‌موو دنیاشدا كاتێك وڵات دوچاری قه‌یران ده‌بێت خه‌ڵك واز له‌ زۆر خو ئه‌ته‌كێتی وه‌ك گۆڕینی سه‌یاره‌ و ناوماڵ و گه‌ران ده‌هێنێت بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ژیان و نانی رۆژانه‌ی دابین بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ قه‌یران رۆڵێكی باش و گرنگی هه‌بوو له‌وه‌ی جوتیارانی كوردستان دووباره‌ بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان و كاری كشتوكاڵی بكه‌ن به‌پێی داتاكانیشمان له‌ماوه‌ی قه‌یرانی داراییدا خانووی پلاستیكی له‌ شه‌ش هه‌زاره‌وه‌ گه‌شه‌ی كرد بۆ سیانزه‌ هه‌زار خانووی پلاستیكی ته‌نها له‌سنووری پارێزگای سلێمانیدا.

بازرگانی و پیشه‌سازی: دیارترین ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی له‌ئێستا به‌رپكی جوتیارانی كوردستانی گرتووه‌ چین؟
رزگار خدر: به‌رهه‌می كشتوكاڵی پێویستی به‌پاڵپشتی حكومه‌ت هه‌یه‌، پێویستی به‌دابینكردنی بوجه‌ هه‌یه‌، له‌هه‌موو دنیادا كه‌رتی كشتوكاڵ له‌و كه‌رته‌ گرنگه‌ مه‌ترسیدارانه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت خۆی ده‌یپارێزێت به‌وه‌ی كه‌ بودجه‌ی بۆ دابین ده‌كات به‌مه‌بستی كه‌مردنه‌وه‌ی تێچوی به‌رهه‌می جوتیاران بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم بودجه‌یه‌كی باش بۆ وه‌زره‌تی كشتوكاڵ دابین بكات، كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بازاڕ كردنه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێك به‌رهه‌می جوتیاران ده‌كه‌وێته‌ بازاره‌كانه‌وه‌ كێشه‌ی دابه‌زینی نرخ و ساغ نه‌بوونه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جوتیاری كوردستان پاڵپشتی ناكرێت و تێچوی به‌رهه‌مهێنانی به‌راورد به‌وڵاتانی تر زۆره‌، لای ئێمه‌ ته‌ئمینی به‌رهه‌می كشتوكاڵی ناكرێت و هیچ جۆره‌ قه‌رز و سولفه‌یه‌ك نادرێت به‌جوتیاران، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌رهه‌می جوتیاران هه‌مووی له‌ یه‌ك كاتدا پێئه‌گات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئێمه‌ هه‌مووی وه‌رزیه‌ تا ئێستا نه‌توانراوه‌ پلان دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌ین به‌ ساڵانه‌ چونكه‌ پێوستی به‌پاڵپشتی دارایی و پێدانی بنه‌تۆ و سه‌ماد و ده‌رمانی قڕكه‌ر هه‌یه‌.

بازرگانی و پیشه‌سازی: له‌ماوه‌ی چه‌ند رابردوودا، به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كی خراپ گه‌نمی له‌ جوتیاران وه‌رده‌گرت ئه‌مه‌ تاچه‌ند كێشه‌ی بۆ جوتیاران دروستكردوه‌؟
رزگار خدر: ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ تا ئێستا ئه‌م كێشه‌یه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی بودجه‌ی گه‌نمی جوتیارانی كوردستانی بڕیوه‌ و به‌شێوه‌ی پارچه‌ پارچه‌و قه‌رز ده‌یداته‌وه‌ به‌ جوتیاران، كه‌ پێویسته‌ جوتیار گه‌نمه‌كه‌ی ته‌سلیمی سایلۆ كرد یه‌كسه‌ر پاره‌كه‌ی وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئێمه‌ تا ئێستا قه‌رزی ساڵی ٢٠١٤مان لای وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق ماوه‌.

بازرگانی و پیشه‌سازی: وه‌رگرتنی عموله‌ كێشه‌ی بۆ جوتیارانی سلێمانی دروستكردوه‌ چ هه‌وڵێكتان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن؟
رزگار خدر: ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ی دیاری كردنی هاوسه‌نگی سه‌وزه‌ و میوه‌ پێشنیازێكمان بۆ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ كرد به‌پێوسته‌ دووخاڵی گرنگ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان یه‌كبخرێت یه‌كێكیان بریتیه‌ له‌ وه‌رگرتنی عموله‌ له‌ كڕیار نه‌ك جوتیار دووهه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی عموله‌ و یه‌كخستنی ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عه‌لوه‌كان خۆشبه‌ختانه‌ بریاردرا له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان عموله‌ به‌رێژه‌ی له‌سه‌دا ٦ له‌ كریار وه‌ربگیرێت.

بازرگانی و پیشه‌سازی: له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ند راپرسی و توێژینه‌وه‌یه‌كتان سه‌باره‌ت به‌خانووی پلاستیكی ئه‌نجامدا، تاچه‌ند توانیوتانه‌ به‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ پلانێكی تۆكمه‌ بۆ به‌هێزكردنی كه‌رت كشتوكاڵ دابنێن؟
رزگار خدر: ئێمه‌ وه‌كو به‌رێوبه‌رایه‌تی كشتوكاڵی سلێمانی توانیومانه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێز و تۆكمه‌ له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی دروستبكه‌ین كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌و گرفته‌كانی جوتیاران چاره‌سه‌ر بكه‌ین، خۆشبه‌ختانه‌ ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی هاوكاری كردین بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سحێكی خانووی پلاستیكی بكه‌ین كه‌ زانیاری باش و گرنگمان سه‌باره‌ت به‌ره‌وشی خانووی پلاستیكی ده‌ستكه‌وت، له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا هه‌وڵماندا كوالێتی به‌رهه‌می جوتیاران چاكتر بكه‌ین له‌رێگه‌ی پرۆژه‌یه‌كی تره‌وه‌، كه‌ پرۆژه‌ی به‌گه‌ڕخستنی ئه‌ندازیار و كارمه‌ندی كشتوكاڵی بوو به‌تایبه‌تی ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ گه‌نجانه‌ی كه‌ ساڵانێكه‌ خوێندنیان ته‌واو كردوه‌ و دانه‌مه‌زراون له‌ حكومه‌تدا به‌پشتیوانی و هاوكاری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی توانیمان خولی به‌هێزكردنیان بۆ بكه‌ینه‌و و ئاشنیان بكه‌ین به‌ خانووی پلاستیكی و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ده‌رمان و سه‌ماد، هه‌لی كارمان بۆ ره‌خساندن  له‌كۆمپانیا كشتوكاڵیه‌كاندا به‌هه‌وڵی ئه‌م ئه‌ندازیارانه‌ له‌دوارۆژدا به‌رهه‌مێكی كوالتی به‌رزتر و باشتر دهخه‌ینه‌ بازاره‌كانی كوردستانه‌وه‌، ئه‌نجامدانی ئه‌م مه‌سح و توێژینه‌وانه‌ كه‌ به‌رێوبه‌رایه‌تی كشتوكاڵی سلێمانی به‌پاڵپشتی و هاوكاری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌یكات بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زانیاری راست و دروستمان له‌به‌رده‌ستا بێت و ده‌زانین كێشه‌كانی كشتوكاڵ چیه‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاره‌سه‌ر و میكانزمی گونجاوی بۆ بدۆزینه‌وه‌.

بازرگانی و پیشه‌سازی: كوردستان له‌ هیچ به‌رهه‌مێكی كشتوكاڵیدا گه‌یشتۆته‌ ئاستی خۆبژێوی؟
رزگار خدر: له‌به‌رهه‌می گه‌نمدا هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن ته‌ن به‌رهه‌می هه‌یه‌ كه‌ خۆمان پێویستیمان به‌ ٦٠٠ هه‌زار ته‌نه‌، به‌رهه‌می ناخۆیمان گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كه‌ له‌ داهاتوودا سودی لێ وه‌رده‌گیرێت بۆ پیشه‌سازی كشتوكاڵی وه‌ك ساوه‌ر و مه‌عكه‌رۆنی و به‌رهه‌می  عه‌له‌فی و خواردنه‌ ئاماده‌ كراوه‌كان،له‌ په‌تاته‌شدا گه‌یشتوینه‌ته‌ ئاستی خۆبژێوی، له‌ كۆشتی مریشكیشدا ده‌توانین له‌سه‌دا ٩٠% پێداویستی ناوخۆدابین بكه‌ین و گۆشتی سوور له‌سه‌دا ٥٥% له‌ ناوخۆ به‌رهه‌م دێت و له‌شیره‌مه‌نیشدا له‌سه‌دا ٧٥ گه‌یشتوینه‌ته‌ خۆبژێوی و له‌سه‌وزه‌شدا له‌سه‌دا ٦٥، له‌به‌رهه‌می میوه‌ وه‌زریه‌كنیشدا له‌سه‌دا ٢٥ گه‌یشتوینه‌ته‌ ئاستی خۆبژێوی، زیاتر له‌سه‌دا ٤٠ به‌رهه‌می هه‌نگوین له‌ناوخۆی كوردستان به‌رهه‌م دێت.

بازرگانی و پیشه‌سازی: به‌رهه‌می ناوخۆی كوردستان له‌ڕووی نرخ و كوالێتیه‌وه‌ تا چه‌ند توانیوێتی كێبركێی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی بكات؟
رزگار خدر: به‌رهه‌می ناوخۆ یه‌كێكه‌ له به‌رهه‌مه‌ فرێشه‌ ته‌ندروسته‌ هه‌ره‌ باشه‌كان كه‌ ئێمه‌ هه‌ندێك به‌رهه‌می كوردستانمان ناردۆته‌ پێشانگا نێوده‌وڵه‌تیاكان پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێناوه‌ هه‌نگوین و په‌تاته‌ و هه‌ناری كوردستان چه‌ندین جار له‌ پێشانگا نێوده‌وڵه‌تی و جیهانیه‌كان پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له‌به‌رهه‌مه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كی ئۆرگانیك گه‌وره‌ ده‌بێت، چوار وه‌رزه‌ی ساڵیش پێویستی به‌گۆرانكاری كه‌ش و هه‌وا نیه‌ به‌ده‌ستكرد، بۆیه‌ به‌رهه‌می كوردستان به‌رهه‌مێكی ته‌ندروسته‌ و گونجاوترین نرخی هه‌یه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا.

بازرگانی و پیشه‌سازی: نوسینگه‌ كشتوكاڵیه‌كان و كۆمپانیاكانی ده‌رمانی قڕكه‌ر تاچه‌ند پابه‌ندن به‌رێنمایه‌كانه‌وه‌؟
رزگار خدر: له‌پارێزگای سلێمانیدا هه‌نگاوی گرنگ نراوه‌ كه‌ ده‌توانین بلێن هه‌موو نوسینگه‌ و كۆمپانیا كشتوكاڵیه‌كان مۆڵه‌تیان هه‌یه‌ و تۆماركراون و مه‌خزه‌نی گونجاویان هه‌یه‌ ئه‌و ده‌رمانانه‌شی ده‌یهێنن به‌پێی رێنمایی ژماره‌ دووی سالێ ٢٠١٣ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ رێگه‌ی پێدراوه‌، كه‌ ده‌توانین بڵێن كه‌مترین مه‌ترسی له‌ده‌رمان و ماده‌ی قركه‌ردا هه‌یه‌ له‌سلێمانی.