مێژووی بنیاتنانی خانەقای بیارە بۆ ١٣٣ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، وەک سەرپەرشتیارانی دەڵێن لە سەرەتاەوە ئەم خانەقایە دوو ئەرکی گرنگی ھەبووە، لە ئەرکی ئایینی و فێرکردنی زانستە ئیسلامییەکان و ئەرکی خزمەتکردنی ھەژاران، تائێستا لەم خانەقایەدا ئەو دوو ئەرکە بەردەوامی ھەیە.
خانەقای بیارە مێژووییەکی دێرینی ھەیە لە پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی و چەندین زانای ناودار لەو خانەقایەدا خزمەتیان کردووە، لە ساڵی ١٨٨٥ی زاینی لە لایەن شێخ عومەر زیائەددینی بیارە دروست کراوە کە گۆڕەكەی لە ئێستادا لە خانەقاکەدایە کە دەکەوێتە ناحیەی بیارە لە ناوچەی ھەورامان سەر بە پارێزگای ھەڵەبجە (بە دووری ٩٨ کیلۆمەتر باکووری رۆژھەڵاتی سلێمانی).
ئەم خانەقایە لە سەرەتای درووستکردنییەوە قوتابخانەی پێگەیاندنی زانایان و مامۆستایانی ئایینی بووە و کۆمەڵێک مامۆستا و زانای ناودار لەم خانەقایەدا وانەیان وتووەتەوە و پێگەیشتون، لەوانە مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس کە بۆ ماوەیەک لە خانەقای بیارە بووە، تا ئێستاش حوجرە و فەقێ بەشێکن لەم خانەقایە .
خانەقای بیارە لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا بەردەوام دەرگای کراوەیە و جگە لە دانیشتووانی ناوچەکە، لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشەوە رۆژانە سەردانی خانەقاکە دەکەن، رۆژانەش خوانی بەربانگ بۆ نوێژخوێن و رێبواران ئامادە دەکرێت.
سەرپەرشتیاری مەدرەسەی خانەقای بیارە، فاخیر شەقلاوەیی کە پێش ٢٥ ساڵ لە شەقلاوەوە وەک فەقێیەک ھاتووەتە خانەقاکە، دوای تەواوکردنی زانستە ئیسلامییەکان و پلەکانی خوێندن، لەناو خانەقاکەدا مایەوە و دواتر کرایە سەرپەرشتیاری مەدرەسەی بیارە.
ئەو مامۆستایە لە بارەی خانەقای بیارە لە مانگی رەمەزاندا وتی: “خانەقای بیارە تایبەتمەندی خۆی ھەیە و لە مانگی رەمەزاندا جیاوازترە لە شوێنەکانی دیکە، لەم مانگەدا جگە لەوەی گرنگی زیاتر بە خواپەرستی و کۆڕی زیکر و خوێندنی قورئان و وانەی ئایینی دەدرێت، شەوانەش ٢٣ رکات تەراویح دەکرێت”.
ئەو وتی: “بە بەردەوامی خواردن لەم خانەقایە بۆ فەقێیان و نوێژخوێنان و رێبواران ئامادە دەکرێت، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا گرنگی زیاتر بەوەش دەدرێت و خوانی بەربانگ ئامادە دەکرێت، رۆژانەش ژمارەیەکی زۆری میوانان سەردانمان دەکەن”.
لە ئێستادا لەنێو خانەقای بیارە ٧٥ فەقێ ئامادەییان ھەیە کە لە مەدرەسەی ئایینی خانەقاکەدا وانەی ئایینی دەخوێنن و ئامادە دەکرێن تا دواتر وەک مامۆستای ئایینی رۆڵی خۆیان ببینن.
محەمەد ئیسماعیل سەرپەرشتیاری خولێکی درێژخایەنی قوتابیانی ناوەندی و ئامادەییەکانی ھەڵەبجەیە، ئەو لەگەڵ قوتابییەکانی بۆ لە نزیکەوە بینینی خانەقاکە و ناساندنی بەشەکان و ژیانی فەقێیان بە قوتابییەکانی سەردانی خانەقاکەیان کردووە.
محەمەد ئیسماعیل وتی: “خولێکی درێژخایەنمان ھەیە بۆ زیاتر لە ٥٠ قوتابی شاری ھەڵەبجە، یەک لە پلانەکانی خولەکەش پێگەیاندنی پەروەردەییە، لەم مانگەشدا حەزمان کرد لەم کەشە عیرفانییەدا بێینە خانەقای بیارە کە پڕیەتی لە مانا و قوتابییەکانی پێ ئاشنا بکەین”.
محەمەد ئیسماعیل ھەروەھا وتی: “سەرجەم ئەو بابەتانەی قوتابییەکان بەتێوری خوێندویانە، لێرە لەمسی کۆمەڵێک لەو بابەتانە دەکەن و زۆرێک لە ماناکان نەخشێنراوە، لە مانەوەی خانەقاکە لەسەر شێوەی کۆنی خۆی و بوونی حوجرە و فەقێ و وانەکانی قورئان کە واتایەکی جوان دەبەخشن”.
خانەقای بیارە دەکەوێتە ناوەندی ناحیەی بیارە ، کە بە چیاو درەخت و ھاژەی ئاو و سرووشتی جوانی ناوچەکە دەورە دراوە.