رێباز حەملان هەموو وردەکارییەک لەبارەی ڕەوشی دارایی هەرێمی کوردستان و بابەتی مووچە ئاشکرا دەکا

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەموو وردەکارییەکی لەبارەی ڕەوشی دارایی هەرێمی کوردستان و بابەتی مووچە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ڕێککەوتنەکانی نێوانیان خستە ڕوو.

رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی و ئابووری له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فەرمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رای گه‌یاند: “ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ یاساى چاكسازى، كه ئێستا له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه، وه‌ك خۆى جێبه‌جێ بكرێت، ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كى زۆرى به‌فیرۆ چوو و ده‌ستكاریكردن له‌ سیسته‌مى پاشكه‌وتى مووچه‌ كه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندیى مووچه‌خۆران ده‌بێت. له‌به‌ر مادده‌ى سێیه‌م كه ‌تایبه‌ته‌ به‌ مووچه‌ و خانه‌نیشنى پله‌ باڵاكان پرۆژه‌ یاساكه‌ گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مان”.

وه‌زیری دارایی وئابووری وتی، “ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تى هه‌رێم ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان‌ به‌پێى یاساى  ژماره‌ 9 ساڵى 2014 بۆ په‌رله‌مان نارد، به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى خزمه‌تى وه‌زیفیان له‌ پانزه‌ ساڵ كه‌متر بێت و ته‌مه‌نیان له‌ په‌نجا ساڵ كه‌متر بێت، خانه‌نیشن نه‌كرێن. ئه‌و مادده‌یه‌ دادپه‌روه‌رییه‌كی زۆر باشى تێدا بوو. ئێستاش داوا ده‌كه‌ین ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ په‌سند و كارى پێ بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ى زیاد له‌ مووچه‌یه‌كیان هه‌یه‌ كه‌ به‌پێێ یاسا رێك نه‌خراون، رێكخستنه‌وه‌یان بۆ بكرێت.”

هه‌روه‌ها وتی، “له‌ ناو پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى باس له‌ مووچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین  و ئمتیازاته‌كانى دیكه‌ كراوه‌. هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ئه‌ژمارێكى بانكى بۆ ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌و ئیلتزاماته‌ ماددیه‌ى هه‌یه‌ بۆى ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌ژماره‌ بانكییه‌كه‌ كه ده‌كرێت بۆ زۆر بواری دیكه‌ش به‌كار بهێنرێت، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندیى نێوان حكوومه‌ت و مووچه‌خۆران.”

له‌باره‌ی بڕیاری راگرتنی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران و چۆنییه‌تی گه‌ڕاندنه‌وه‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئەو فه‌رمانبه‌رانەی كه به‌ر ئه‌و رێنماییه‌ كه‌وتوون، رێباز حه‌ملان گوتی “پاڵپشت به‌ بڕیارى ئەنجومه‌نى وه‌زیران ژماره‌ 56 له‌ 21/12/2015، له‌سه‌ر بنه‌ماكانى ئه‌حكامى بڕگه‌ (1/أ) له‌ مادده‌ى (19) له‌ یاسایى راژه‌ى شارستانى ژماره‌ (24) ساڵى 1960 هه‌مواركراو بڕیار دراوه‌ كه‌ هیچ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانى پله‌ وه‌زیفییه‌ گشتیه‌كان له‌ هه‌رێم تا په‌سندكردنى بودجه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجام نه‌درێت. له‌ هه‌ر كاتێك كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم بودجه‌ى په‌سندكراوى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌بوو، پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ ئاسایى ده‌بێته‌وه‌ و له‌باره‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كه‌شی‌ ئه‌وكات له‌ چوارچێوه‌ى یاسای كارپێكراوه‌كان بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت.”

رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرالی

دەربارەی رێكه‌وتنی ئێستای حكوومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ ناردنی مانگانه‌ بڕێك پاره‌ بۆ هه‌رێم بۆ مووچه‌خۆران، وه‌زیری دارایی و ئابووری وتی، “ئەم رێککەوتنە ده‌رئه‌نجامی ده‌ورى گرنگى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق بوو و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دایه‌.”

وه‌زیری دارایی به ئاماژه‌پێدان به‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆری مووچه‌ بۆ كه‌رتی ئه‌منی و سه‌ربازی ده‌چێت، وتی له سه‌دا 70ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ر دوو كه‌رتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه. لێبرینه‌كان (پاشه‌كه‌وت) له‌ هه‌ردوو كه‌رت به شێوه‌یه‌كی جیاوازن.

وه‌زیری دارایی و ئابووری وتیشی، پاش ئه‌وه‌ی مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان و زیندانیانى سیاسى ده‌خرێته‌ سه‌ر بوودجه‌ى سیادى عێراق، نزیكه‌ی 38 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه.

داهاتی ناوخۆ و نه‌وت و دابەشکردنی

لەباره‌ی داهاتی ناوخۆ و نه‌وت، رێباز حه‌ملان وتی داهاتى ناوخۆ مانگانه 110 بۆ 130 ملیار دیناره‌‌، كه‌ كردنه‌وه‌ی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم  و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی داخرا و كاریگه‌ریى زۆرى له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆیی هه‌یه‌.

وتیشی داهاتی نه‌وت مانگانه گۆرانكاریی به‌سه‌ردا دێت و هه‌رێمی كوردستان رۆژانه 300 بۆ 320 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات و مانگانه 378 ملیار دینار دێته‌ وه‌زارتی داراییه‌وه‌.

هەروەها ده‌رباره‌ی سندووقی داهاتی نه‌وت، وه‌زیری دارایی وتی له ‌په‌رله‌مانی كوردستان یاساى تایبه‌تى بۆ ده‌رچووه‌ و ماوه‌ته‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم په‌یڕه‌وێكى بۆ دابنێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌چووەته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

وه‌زیری دارایی سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی داهات بۆ بواره‌ جیاوازه‌كانی مووچه، وه‌به‌رهێنان، خه‌رجى  داموده‌زگاكانى حكوومه‌ت  و قه‌رزه‌كانی، وتی له‌ سه‌دا 35ی داهاتی نەوت بۆ پێشینەكانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیایی نەوت، پێشینەی قەرزی تاریفەی خەرجی و گواستنەوە و هەناردەكردنی نەوت لە توركیا و پێشینەی گەڕانەوەی پارەی كاشی قەرزی توركیایه‌ و له‌ سه‌دا 65یشی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌رخان ده‌كرێت.

لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ و نەوت دوای ده‌رچوونی خەرجییه‌كان و له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ پارەیه‌ی مانگانە له‌ حكومەتی فیدرالی بۆ هه‌رێم‌ دێت، نزیكەی له‌ سه‌دا 83 بۆ پێدانی مووچە ته‌رخان ده‌كرێت.

له‌ سه‌دا پێنج بۆ خه‌رجی پێشینه‌كانی داموده‌زگاكان و له‌ سه‌دا هه‌شت بۆ خه‌رجی كه‌لوپه‌لی خزمه‌تگوزاری (دەرمان و پزیشكی، كرێی كارەبا، خواردن، چاككردنەوە، شاندن، چاپكردن، خەرجی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و خاوێنكردنەوە) و له‌ سه‌دا چواریش بۆ بواری وه‌به‌رهێنان ته‌رخان ده‌كرێت.

شه‌فافییه‌ت له‌ داهات

وه‌زیری دارایی و ئابووری ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ داهاتی حكوومه‌ت له دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌‌ وردبینی بۆ ده‌كرێت، “یه‌كێكیان له‌سه‌ر ئاستى نه‌وته كه كۆمپانیاى دیلۆیت پێداچوونه‌وه‌ و ورودبینى به‌ سه‌رجه‌م كه‌رتی نه‌وتدا ده‌كات له‌ هێنانه‌وه‌ و سه‌رفكردنى پاره‌كه. بۆ داهات و خه‌رجییه‌كانی ساڵى 2017 زۆربه‌ى كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ و وردبینى له‌ داهات  و خه‌رجییه‌كانی ساڵى 2018 و ساڵانى رابردووش ده‌كات. جه‌مسه‌رى دووه‌میش له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورییه.‌ كۆمپانیاى ئینڤێنتس پێداچوونه‌وه‌ به‌ خه‌رجى و داهاته نانه‌وتییه‌كانی حكوومه‌تدا ده‌كات‌. وردبینى له‌وه‌ش ده‌كات كه چۆن داهات زیاتر بكرێت به‌ مه‌رجێك كه‌ كاریگه‌ریى به‌سه‌ر خه‌ڵكى هه‌ژار و چینى خواره‌وه نه‌بێت‌، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ئاستى كۆمپانیا گه‌وره‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ها كۆمپانیاكه‌ سیسته‌مێكى داتا به‌یس دروست ده‌كات و سه‌رجه‌م داهات وخه‌رجییه‌كان تێدا روون ده‌كرێته‌وه‌.”

وتیشی، گومرگه‌كان “به‌ ئه‌لیكترۆنى ده‌كرێن و ئێستا  كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان ده‌كه‌ین و هه‌ر خه‌رجییه‌ك ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت ناهێڵین و بۆ نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره‌ فیڕودانێك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ریه‌ك له‌ ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى و دیوانى چاودێرى دارایى له‌گه‌ڵمانن و تا ئێستا به‌ پشتیوانىی سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پاره‌یه‌كی زۆریشمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.”

باج

له‌باره‌ی سه‌پاندنى باج به‌سه‌ر داهاتى تاكه‌كه‌س و كۆمپانیاكان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا کە له‌ هه‌رێمی كوردستان باج له‌سه‌ر داهاتی تاكه‌كه‌س و كۆمپانیاكان به‌پێی یاسای ژماره‌ ٢٠ی ساڵی ٢٠١١ هه‌مواركراوی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری كراوه‌، به‌ جۆرێك هه‌ر كارمه‌ندێك له‌ كه‌رتی حكوومی، یان تایبه‌ت كار بكات و مووچه‌كه‌ی له‌ ملیۆنێك دینار زیاتر بێت ،پێویسته‌ به‌ رێژه‌ی له سه‌دا پێنج‌ باج بدات، به‌ڵام تا ئێستا كارى پێ نه‌كراوه‌ و رێژه‌كه‌ی‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر كه‌متره، به‌ جۆرێك له‌ حكوومه‌تى فیدراڵ ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆرێك مووچه‌كه‌ى له‌ 210 هه‌زار دینار به‌سه‌ره‌وه‌ بێت، ئه‌وا له‌ سه‌دا پێنج باج ده‌خرێته‌ سه‌ر مووچه‌كه‌ی.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ باجی كۆمپانیاكانیش، وتی له‌ سه‌دا 15 قازانجی كۆمپانیاكان باجی ده‌خرێته سه‌ر كه بهپێی یاسای ١١٣ ساڵی ١٩٨٢ هاوشێوه‌ی به‌غدا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

بانك

سه‌بارت به چاکسازیی دارایی وبانكی و ئاسته‌نگ و ده‌ستكه‌وته‌كانی وتی، 88 بانكی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌كه‌یان، پێشخستن و ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له‌گه‌ڵ به‌غدا رێك که‌وتووین.

وه‌زیری دارایی له‌باره‌ی لاوازیی سیسته‌می بانكی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كانی بۆ گێڕانی رۆڵی خۆی له‌ مامه‌ڵه‌ داراییه‌كان و نه‌هێشتنى پاره‌ى كاش له‌ بازاڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ى پاره‌ بۆ بانك  ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا له‌ وڵاتانی پێشکەوتوودا له‌ سه‌دا 80  مامه‌ڵه‌ به‌ سیسته‌مى بانكییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌دا 100 به‌ پاره‌ى كاش مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت و به‌ هۆیه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی كێشه‌ی نه‌بوونی نه‌ختینه و خۆ دزینه‌وه‌ له‌ باج دروست ده‌بێت. له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌ كارت بێت، ئه‌وا حكوومه‌ت ده‌زانێت داهاتى فرۆشیاره‌كان چه‌نده‌ و ده‌توانێت سیستەمى باج رێك بخات و كۆنتڕۆڵی باجى كۆمپانیاكان بكرێت. ئێستا هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ رێكخستنی ئه‌م بواره‌یه‌‌ له‌ رێگه‌ى سیسته‌مى كارته‌وه‌ بێت.

بایۆمه‌تری

رێباز حه‌ملان رۆڵی بایۆمه‌تری بۆ پێدانى مووچه‌ به‌ كارتى ئه‌لكترۆنى و به‌ڕێوه‌بردنى كه‌رتى دارایى و بانكى گرنگ ده‌نرخێنێت كه به‌ هۆیه‌وه‌ “به‌شێكى زۆری له‌و كه‌موكوڕییه‌ شاراوانه‌ى هه‌بوون‌ ئاشكرا كراون. بۆ نموونه‌ دوو مووچه‌یى، یا ناوى وه‌همى ئاشكرا كراوه‌، حكوومه‌تى هه‌رێم به ‌بوونی سیسته‌می بایۆمه‌ترییه‌وه‌، زانیارى ورد له‌سه‌ر مووچه‌خۆر و خانه‌نشینان هه‌یه‌، بایۆمه‌ترى سیسته‌مێكى پێشكه‌وتووه‌ و كارى پێده‌كرێت.”

پێشینه‌

له‌ باره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه‌ بۆ كارى به‌رهه‌مهێنان، هاوسه‌رگیرى و خانوبه‌ره‌، وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه له‌ ساڵانى رابردوو 13 بۆ 14 ملیار دۆلار له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم هاتووه‌. كاتێك بودجه‌ زۆر بووه‌ و به‌شى مووچه‌ و خه‌رجى  و پڕۆژه‌كان‌ كردووه‌ و دراوه‌ به‌و پێشینانه‌ش.‌ هه‌ر كاتێك بودجه‌ى هه‌رێم وه‌ك خۆى لێ هاته‌وه‌، ئه‌و پێشینانه‌ش ده‌درێنه‌وه‌.

سندووقی خانه‌نشینی

هەروەها وتی، “سندووقى خانه‌نیشنى له‌ پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى به‌ وردى باس كراوه‌ و پێویسته له‌ سه‌دا 100 جێبه‌جێ بكرێت. جیاوازیى ئێمه‌ و به‌غدا له‌ نه‌بوونى ئه‌و سندووقه‌یه‌، له‌ به‌غدا هه‌یه‌ و له‌ هه‌رێم نییه‌. ئه‌وه‌ش بووەته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غدا به‌ به‌رده‌وامی ده‌ڵێت ژماره‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم زیاتره‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سندووقى خانه‌نیشى هه‌بێت، پێویست ناكات پاره‌ى دیكه‌ بۆ خانه‌نشینان ته‌رخان بكرێت، چونکە له‌ پاره‌ى سندووقه‌كه‌ ده‌درێت.”

ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان

سه‌باره‌ت به‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، وەزیری دارایی و ئابووری گوتی، “رێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ میلاكات ‌سه‌ر به‌ به‌غدا بن به‌ هه‌مان كارمه‌نده‌كانی ئێستاوه‌. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی باڵا بۆ یه‌كخستنی گومرگ له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و فڕوكه‌خانه‌كان، پێناسه‌ و رێنمایی گومرگی، لابردنی خاله‌كانی گومرگی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریكردنی یه‌كتر رێككه‌وتن كراوه و دواى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە.”