ئەمڕۆ 28ی ئایاری 2018 وەزارەتی نەوتى عێراق ڕایگەیاند، ڕێکنەکەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر هەناردەکردنى نەوتى کەرکوک و دەوروبەری ڕۆژانە زیانى 550 هەزار بەرمیل نەوت بە عێراق دەگەیەنێت.
عاصم جیهاد، وتەبێژى وەزارەتی نەوتى عێراق بە کەناڵی سومەرییەی ڕاگەیاند، وەزارەتی نەوت دەیەوێت هەناردەکردنی نەوتى عێراق لەڕێگەى بۆری هەرێمى کوردستانەوە بەردەوامبێت، بەڵام تائێستا هەرێم و حکومەتى عێراق ڕێکنەکەوتوون لەسەر ئەو بابەتە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لەئێستادا بەرهەمی چەند بیرێکى کەرکوک ڕۆژانە بریتییە لە 150 هەزار بەرمیل و لە بیرەکانى تریش لە ناوچەکانى باکور بە گشتى ڕۆژانە دەتوانرێت زیاتر لە 550 هەزار بەرمیل بەرهەمبهێنرێت و لە دوای ڕێککەوتنى هەرێم و بەغدا دەتوانرێت لەڕێگەى بەندەری جیهانەوە هەناردە بکرێت.
ئەوەشی ئاشکراکردوە، ئەو ناکۆکییانەى هەرێم و بەغدا لە بابەتی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم و نەگەڕانەوە بۆ بەغدا هۆکاری ئەوەن کە هەردوولا ڕێکنەکەون.