پەیوەندییە بازرگانی و ئابوریەكانی سلێمانی و ئێران گەشەی زیاتری پێ دەدرێت

قائیمقامی سلێمانی و بەرپرسانی كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەكانی  نێوان پارێزگای سلێمانی و ئێران تاوتوێ دەكەن و هەردوولا جەخت لەسەر بەرەودان بەو پەیوەندیانە دەكەنەوە.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە دیوانی قائیمقامیەت لەگەڵ ” ئاغای سوری” راوێژكاری ئابوری و “ئاغای ئەنوەری حەسیب زادە” راوێژكاری بازرگانی و پیشەسازی لە كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی كۆبووەوە.
 
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا  جەختیان لەسەر گرنگی بەرەودان  بەو پەیوەندیانە كردەوە و رایانگەیاند پێشخستنی جموجوڵە ئابوری و بازرگانیەكانی نێوان پارێزگای سلێمانی و كۆماری ئیسلامی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێراندایەو لەبەر ئەوە پێویستە گرنگی زیاتریان پێبدرێت.

  قائیمقامی سلێمانی و بەرپرسانی كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی باسیان لەو كێشەو گرفتانەشكرد كە لە دەروازە سنورییەكانداهەیەو جەختیان لەسەر بەزووی چارەسەركردنی كۆی گرفت و بەربەستەكان كردەوە لە پێناو پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەكان , هەروەها   هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێشكەشكردنی هەموو جۆرە كارئاسانییەك بۆ هاتووچۆی گەشتیاران لە خاڵە سنورییەكان.